کەمپینی ئازادی بۆ شێروان شێروانی: شێروان شێروانی دوای 23 رۆژ بڕیاری کۆتاییهێنانی لە مانگرتن دا
بڵند
١٤ی ئایاری ٢٠٢٦
کەمپینی ئازادی بۆ شێروان شێروانی، لە سەر رەوسێ شێروان شێروانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت؛ دوابەدوای هەوڵی دڵسۆزانەی هەموو لایەک، شێروان شێروانی دوای 23 رۆژ لە مانگرتن، بڕیاری دا کۆتایی بەمانگرتن بهێنێت.
ئاماژەیان بەوەشکردوە، شێروان شێروانی گەرچی بڕیاری کۆتاییهێنانی بە مانگرتنداوە، بەڵام دەستبەرداری مافە یاسایەکانی نابێت، چاوەڕوانی جێبەجێکردنی بەڵێنەکان دەکەن و چاویان لەوەیە لایەنە پەیوەندارەکان، جەژنی قوربان بە دەرفەت بزانن، بۆ شادبوونەوەی شێروان بە باوەشی خێزان و کەس و کاری و هاوڕێکانی.
دەقی راگەیەندراوەکە
بابەت: کۆتای هێنان بە مانگرتن
دوابەدوای هەوڵی دڵسۆزانەی هەموو لایەک، بەتایبەتی بەڵێنی کوێستان خان وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و چەندان بەرپرسی دڵسۆزی وەزارەت، کاک احسان بەرێوەبەری گشتی چاکسازیەکان، موناخان سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ، و چەند بەرێزێکی دەستە بۆ چارەسەرو بەدەمەوە هاتنی مافە یاسایەکانی شێروان شێروانی و لەسەردانیاندا بۆ لای کە داوای کۆتایهێنان بە مانگرتنیان دەکرد.
چاومان لەوەیە لایەنە پەیوەندارەکان، جەژنی قوربان بە دەرفەت بزانن، بۆ شادبوونەوەی شێروان بە باوەشی خێزان و کەس و کاری و هاوڕێکانی.
وێڕای سوپاسمان بۆ هەموو ئەو کەسایەتی و ئازیزانەی کە مۆمێکیان هەڵکرد، بۆ رووناکی لە تاریکدا، چ بە گردبوونەوە، یاخود پۆست و کۆمێنتێکی فەیسبووک، شێروانیان بە تەنها جێنەهێشت و دەنگیان هەڵبڕی بۆ چارەسەری بوونی داواکانی شێروانی.
شێروان شێروانی لە ئەمڕۆە، لە رۆژی 23 هەمینی مانگرتنی، لەسەر داواکاری هەموو ئەم لایانە و بەڵێنی بەرپرسان و بۆ رەواندنەوەی نائارامی دڵی خەڵکی، بڕیاری کۆتاییهێنانی بە مانگرتن دا. بەڵام دەستبەرداری مافە یاسایەکانی نابێت، چاوەڕوانی جێبەجێکردنی بەڵێنەکان دەکەین.
لەگەڵ رێزو پێزانینی زۆردا بۆ هەموو لایەک.
کەمپینی ئازادی بۆ شێروان شێروانی
پێنج شەممە 14 ئایاری 2026



