سزای لە سێدارەدان بۆ عەجاج جەلادەكەی نوگرەسەلمان دەرچوو، مەکتەبی سیاسی یەکێتیش پیرۆزبایی لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکات و رایدەگەیەنێت: دادگاییکردنی عەجاج دەرس و وانەیەکی گەورەیە بۆ هەموو دوژمن.

دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان..

مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پیرۆزبایی گەرم لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەگشتی و کەسوکاری ئەنفالکراوان بەتایبەتی دەکات بە بۆنەی دادگاییکردن و بڕیاری حوکمدانی رەوا بەسەر جەللادی گەورەی  جینۆسایدی ئەنفال و تاوانباری کوردکوژی زیندانی  نوگرە سەلمان، (عەجاج)ی خوێنڕێژدا.

ئەمڕۆ پێنج شەممە  (١٤-٥-٢٠٢٦) دادگای رەسافە لە بەغدا گۆڕەپانی تۆڵەی رەوای مێژوو و حوکمی دادپەروەرانە بوو بەسەر تاوانبار عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی کە لە دۆسێی ئەنفالدا ناوی وەک بەدناوترین بەدناوەکانی رژێمی بەعس دێت. تاوانبارێک کە قێزەونترین جۆر تاوانی رۆژانە و سات بە ساتی بەرامبەر خوشک و دایک و پیر و منداڵانی زیندانی نوگرە سەلمان ئەنجامداوەو دێوەزمەیەکی سەرباری  رژێمی دێوەزمەی بەعس بوو لە دژی گەلەکەمان.

دادگاییکردنی عەجاج دەرس و وانەیەکی گەورەیە بۆ هەموو دوژمن و نەیارانی گەلی کوردستان، کە درەنگ یان زوو، رۆژی سزادانی تاوانباریان دێت و رۆژی ئینساف و پێدانەوەی ماف بە زۆرلێکراوان، لەهەموو چین و توێژەکانی میللەتەکەمان، دێت و هەرگیز بەسەریانەوە ناچێت.