وەزارەتی پەروەردە ئەنجامی پۆلەکانی یەک تا سێی بنەڕەتی راگەیاند
محەمەد رزگار
١٤ی ئایاری ٢٠٢٦
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەخێوکارانی قوتابیانی بازنەی یەکەم ئاگادار دەکاتەوە کە لە ئێستاوە دەتوانن ئەنجامی کۆتایی ساڵی خوێندنی منداڵەکانیان وەربگرنەوە.
بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم، سەرجەم ئەو خوێندکارانەی لە پۆلەکانی (یەکەم، دووەم و سێیەمی بنەڕەتی) لە قوتابخانە حکومییەکان دەخوێنن، ئەنجامەکانیان خراوەتەڕوو، بەخێوکاران دەتوانن لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی (ئی - هەڵسەنگاندن)ەوە ئەنجامی هەڵسەنگاندنی کۆتایی ساڵی خوێندنی 2025-2026ـی منداڵەکانیان وەربگرنەوە.
وەزارەتی پەروەردە ئاماری وردی قوتابیانی ئەمساڵی خوێندنی لە قوتابخانە حکومییەکان بڵاوکردەوە کە کۆی گشتییان بریتییە لە 389 هەزار و 637 خوێندکار، کە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
پۆلی یەکەم: 129 هەزار 995 خوێندکار.
پۆلی دووەم 125 هەزار و520 خوێندکار
پۆلی سێیەم 134 هەزار و 122 خوێندکار.
ئەم هەنگاوەی وەزارەت لە چوارچێوەی بەدیجیتاڵکردنی کەرتی پەروەردە و ئاسانکارییە بۆ خێزانەکان، تا بە شێوەیەکی خێرا و بێ سەردانیکردنی قوتابخانەکان لە ئاستی زانستی منداڵەکانیان دڵنیابنەوە.



