دووەم دانیشتنی دادگاییكردنی عەجاج لە بەغداد بەڕێوەدەچێت و هەوڵەكانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەدیش لە دەستگیركردن و دادگاییكردنی عەجاج بەرزدەنرخێنرێت.

ئەمڕۆ دووەمین دانیشنی دادگایكردنی عەجاج ئەحمەد حەردان تكریتی ناسراو بە جەلادەكەی نوگرەسەلمان لە دادگای باڵای تاوانەكانی عیراق لە بەغداد بەڕێوەدەچێت، لەلایەن بەشێك لە كەسوكاری ئەنفالكراوەكانیشەوە سەدان بەڵگە لە سەر عەجاج كۆكراوەتەوە و سكاڵایان تۆماركردووە، داواش دەكەن توندترین سزای بەسەردا بسەپێنرێت.

هابیل ئەحمەد بەڕێوەبەری مۆنۆمێتی ئەنفال لە چەمچەماڵ بە كوردسات نیوزی راگەیاند، بە هەوڵی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد عەجاج دەستگیركرا و دواتریش لە چەمچەماڵ و سلێمانی و گەرمیان چەند ناوەندێكی كردەوە بە مەبەستی تۆماركردنی سكاڵا لەسەر عەجاج، وتیشی، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رۆڵێكی گرنگی هەبووە لە دۆسێی ئەنفال و هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان و گەڕاندنەوەی روفاتی ئەنفالكراون.