قوباد تاڵەبانی: ئێمە بڕیارێکی ستراتیژیمان داوە کە لە بەغداد بین چونکە بڕیارە چارەنووسسازەکان لەوێ دەدرێن
محەمەد رزگار
١٣ی ئایاری ٢٠٢٦
قوباد تاڵەبانی بەشداری لە "دیالۆگی عیراق 2026" کرد، کە لەلایەن ئەنجومەنی ئەتڵەنتیکەوە لە واشنتۆن رێکخرابوو، لەدیالۆگەکەدا ژمارەیەک لە لێپرسراوانی عیراقی و نێودەوڵەتی گفتوگۆیان کرد بۆ تاوتوێکردنی پەرەسەندنی ناوچەیی و سەقامگیریی سیاسی و ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان عیراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دیدارەکەدا لەگەڵ ئەتلانتیک کاونسڵ-ی ئەمریکی رایگەیاند، رۆڵی عیراق پەیوەستە بە ویستی خۆیەوە کە ئایا دەیەوێت وەک خاڵی بەهێز یان لاواز سەیری پێگەکەی بکات.
وتیشی، ئەگەر عیراق بیەوێت پێگەی جوگرافیی خۆی وەک سەرمایە و هێز و دەرفەتێک بۆ مانۆڕکردن ببینێت، دەتوانێت ئەو کارەش بکات.
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، هەمووان دەیانەوێت پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ عیراقدا هەبێت؛ رۆژهەڵات، رۆژئاوا، ئەوروپا، ئەمریکا، چین، روسیا و وڵاتانی ناوچەکە، بۆیە عیراقێکی ستراتیجی، کار بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی باش دەکات لەگەڵ هەموواندا.
راشیگەیاند، کوردستان توانی پێگەی ستراتیژیی خۆی بەکاربهێنێت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئێران، تورکیا، بەغدا، ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا، هەروەها ئێمە سیاسەتێکی بێلایەنانەمان گرتەبەر و زۆر راشکاو و شەفاف بووین؛ ئێمە دژی ئەم شەڕە بووین چونکە نە بۆ عیراق و نە بۆ کوردستان باش نەبوو.
دەشڵێت؛ ئومێدەوارین ئەم ئاگربەستەی ئێستا هەیە بەردەوام بێت و ببێتە رێککەوتنێکی هەمیشەیی، چونکە هاوکارێکی گەورە دەبێت بۆ ئەو حکومەتە نوێیەی ئێستا لە عیراق پێکدەهێنرێت.
سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی نوێ دەرفەتی ئەوەی هەیە ئەو هەڵانە راست بکاتەوە کە پێشتر بەرانبەر کوردستان یان هەر پێکهاتەیەکی تر کراون، وتیشی، ئەگەر گروپێک لە ناوخۆی دەوڵەتدا دژی دەوڵەت کار بکات، ئەوا بەرپرسیارێتی دەوڵەتە مامەڵەیان لەگەڵ بکات.
هەر لە دیدارەکە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، عیراق پێویستی بە کێشە لەگەڵ هیچ کام لە دراوسێکانی نییە، بەڵکو دەتوانێت ببێتە بەشێکی سەرەکی لە گەشەسەندنی ئابووری و پڕۆژە گەورەکانی وزە و رێگەی گەشەپێدان، هەروەها پێویستە هەموومان ستراتیژی بین و کار بکەین بۆ تێپەڕاندنی ئەو بارگرانییە ئایدیۆلۆژییانەی کە لە چەند سەد ساڵی رابردووەوە بۆمان ماوەتەوە.
قوباد تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە بڕیارێکی ستراتیژیمان داوە کە لە بەغداد بین؛ سەرۆکی یەکێتیش ئێستا لەوێیە، چونکە بڕیارە چارەنووسسازەکان لەوێ دەدرێن، هاوکات ساڵانێکی زۆر لە دەرەوە تەماشای بەغدادمان کردووە و پەیوەندییەکانمان تەنها لەسەر بنەمای "بمدێ و بتدەمێ" بووە، بەڵام ئەمە بۆ ماوەی 15 ساڵە ئەنجامی نەبووە، بۆیە ئەگەر بمانەوێت عیراق بەهێز بێت، دەبێت ئێمە لە بەغدا ئامادە بین و بەشداربین لە بڕیارە ستراتیژییەکان.
سەبارەت بە سەرکردایەتی نوێی عیراق قوباد تاڵەبانی وتی، ئێستا لە عیراقدا نەوەیەکی نوێ لە سەرکردایەتی گەنج و نیشتمانی دەرکەوتوون کە گەشبینمان دەکەن بە داهاتووی وڵات و پەیوەندییەکانی لەگەڵ جیهان، چاوەڕوانیش دەکرێت لە حکومەتی داهاتوودا، عیراق بەرەو سەربەخۆیی و هاوسەنگییەکی سیاسیی زیاتر هەنگاو بنێت.
لەبارەی گرنگی پەیوەندییەکانی عیراق و ئەمریکا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد، لە ئێستادا جۆری پەیوەندییەکە گۆڕاوە بۆ پەیوەندییەکی دیپلۆماسیی دامەزراوەیی و ئاسایی، هاوشێوەی وڵاتانی تر، پێشتریش پەیوەندییەکان لە رێگەی نێردەی تایبەتەوە بوو، بەڵام ئێستا پەیوەندییەکی فرەڕەهەندمان لەگەڵ ئەمریکا هەیە کە بوارەکانی ئابوری، یاسایی و ئەمنی دەگرێتەوە.
سەبارەت بەو کێشانەی رووبەڕووی عیراق بووەتەوە جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، عیراق رووبەڕووی کۆمەڵێک کێشەی ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتی بووەتەوە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئاڵۆزییەکان هەمیشە گەشبینە کە دەتوانرێت تێبپەڕێندرێن.



