دووەم دانیشتنی دادگاییكردنی عەجاج لە بەغداد بەڕێوەدەچێت و هەوڵەكانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەدیش لە دەستگیركردن و دادگاییكردنی عەجاج بەرزدەنرخێنرێت.

سبەینێ دووەمین دانیشنی دادگایكردنی عەجاج ئەحمەد حەردان تكریتی ناسراو بە جەلادەكەی نوگرەسەلمان لە دادگای باڵای تاوانەكانی عیراق لە بەغداد بەڕێوەدەچێت، لەلایەن بەشێك لە كەسوكاری ئەنفالكراوەكانیشەوە سەدان بەڵگە لە سەر عەجاج كۆكراوەتەوە و سكاڵایان تۆماركردووە، داواش دەكەن توندترین سزای بەسەردا بسەپێنرێت.

لەو بارەیەوە دادوەر ئاسۆ محەمەد دادوەری پێشوو دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق، بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سبەینێ هەندێک شایەتحاڵ وتەیان لێوەردەگیرێت و پاشان وتەی تۆمەتبار وەردەگیرێت، لەگەڵ تێبینی داواکاری گشتی و پارێزەرانی تۆمەتبار و سکاڵاکاران، ئەگەر دادگا فریاکەوت چاوەڕوان دەکرێت سبەینێ دادگا سزا بەسەر ئەو تاوانبارەدا بسەپێنێت.

دادوەر ئاسۆ محەمەد وتیشی، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رۆڵێکی گەورەی هەبووە لە دەستگیرکردنی عەجاجدا و سوپاسی هەموو ئەو کەسانەش دەکەن کە رۆڵیان هەبووە لە دەستگیرکردن و دادگایکردنی ئەو تاوانبارە.

لەلایەکی تریشەوە، هابیل ئەحمەد بەڕێوەبەری مۆنۆمێتی ئەنفال لە چەمچەماڵ بە كوردسات نیوزی راگەیاند، بە هەوڵی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد عەجاج دەستگیركرا و دواتریش لە چەمچەماڵ و سلێمانی و گەرمیان چەند ناوەندێكی كردەوە بە مەبەستی تۆماركردنی سكاڵا لەسەر عەجاج، وتیشی، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رۆڵێكی گرنگی هەبووە لە دۆسێی ئەنفال و هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان و گەڕاندنەوەی روفاتی ئەنفالكراون.