بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی هانتا، هەڵمەتێکی فراوانی لەناوبردنی قرتێنەرەکان لە کارگە و فەرمانگەکان دەستپێدەکات.

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی لیژنەیەکی زانستییەوە کۆمەڵێک رێکاری توندی خۆپارێزی بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی "ڤایرۆسی هانتا" راگەیاند.

بەپێی راگەیەنراوێکی لیژنەی زانستی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری، کە دوێنێ 12ی ئایار یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا، جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەم نەخۆشییە تا ئێستا هیچ ڤاکسینێکی بۆ نەدۆزراوەتەوە و لە رێگەی قرتێنەرەکانەوە (وەک جرج، مشک و هامستەر) دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.

لە کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک بڕیار بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە درا، دەستپێکردنی هەڵمەتێکی فراوانی قڕکردنی جرج و مشک لە سەرجەم فەرمانگە حکومی و ناحکومییەکان، بەتایبەت لە کارگەکانی ئالیک، پڕۆژەکانی پەلەوەر، کوشتارگەکان و کارگەکانی بەرهەمهێنانی شیر و گۆشت.

یەکێکی تر لە بڕیراەکان، رێگریی تەواو دەکرێت لە خاڵە سنورییەکان بۆ هاتنەژوورەوەی "هامستەری جوانی" کە وەک یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە دەستنیشانکراوە.

بڕیارشدراوە، بە هاوکاری سەندیکاکانی ڤێتێرنەری، سەرجەم کۆگاکانی خواردنی سەگ و پشیلە ئاگادار دەکرێنەوە کە پێویستە بە خێرایی جرج و مشک لەناو کۆگاکانیاندا لەناو ببەن.