كەشناسی عیراق: لە سبەینێوە پلەكانی گەرما بەرزدەبنەوە و خۆڵبارین دەستپێدەكات
ئاکام
١٠ی ئایاری ٢٠٢٦
لە سبەینێوە شەپۆلێكی خۆڵبارین و گەرما روو لە سەرتاسەری عیراق دەكات و تا رۆژی پێنج شەممە بەردەوام دەبێت.
دەستەی كەشناسی عیراق لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە، سبەینێ ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و پلەكانی گەرما بۆ سەرو 30 پلە بەرزدەبنەوە و خۆڵبارینی مامناوەندیش لە زۆربەی ناوچەكان دەستپێدەكات.
دەشڵێت، رۆژی سێشەممە باران لە شێوەی نمە و تاوە باران لە ناوچە شاخاوییەكان دەبارێت و رەشەبا هەڵدەكات و خێراییەكەی دەگاتە 40 كیلۆمەتر لە سەعاتێكدا و شەپۆلی خۆڵبارینەكە زیاتر دەكات و مەودای بینین كەم دەكاتەوە.
بەپێی كەشناسی، تا رۆژی چوارشەممە خۆڵبارین بەردەوام دەبێت، بەڵام پلەكانی گەرما لە ناوەڕاست و باشوری عیراق كەم دەبنەوە و رۆژی پێنجشەممەش شەپۆلی خۆڵبارینەكە كۆتایی دێت.
هاوكات كەشناسی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، لەمڕۆوە پلەكانی گەرما بەرزبوونەتەوە و لە بەشێك لە پارێزگاكان گەیشتووەتە سەروو 30 پلە.



