وەزارەتی بەرگری ئیمارات: دوو درۆن ئێرانمان تێکشکاند
سەوسەن سەید
١٠ی ئایاری ٢٠٢٦
وەزارەتی بەرگری ئیمارات، ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرکەوتنی سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی لە تێکشکاندنی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی راگەیاند کە لە خاکی ئێرانەوە ئاڕاستە کرابوون، هاوکات جەختیشی کردەوە کە لە چەند کاتژمێری رابردوودا هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: لە رێکەوتی 10ی ئایاری 2026، سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی ئیمارات توانییان دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان راو بکەن و تێکبشکێنن کە لە ئێرانەوە رەوانە کرابوون."
لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا هاتووە کە لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەم هێرشانەوە، بەرگری ئاسمانی ئیمارات بەرپەرچی ٥٥١ مووشەکی بالیستی، 29 مووشەکی کرووز و2265 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی داوەتەوە.
سەبارەت بە زیانەکان، وەزارەتی بەرگری ئاماژەی بەوە کردووە کە لە کاتژمێرەکانی رابردوودا هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان یان برینداربوون تۆمار نەکراوە، بەڵام ئاماری گشتی قوربانییان لە سەرەتای هێرشەکانەوە گەیشتووەتە دوو کوژراو لە هێزە چەکدارەکان و هاووڵاتییەکی مەغریبی کە گرێبەستی لەگەڵ سوپادا هەبووە. هەروەها ژمارەی کوژراوە مەدەنییەکان گەیشتووەتە 10 کەس لە رەگەزنامە جیاوازەکانی (پاکستانی، نیپاڵی، بەنگلادیشی، فەڵەستینی، هیندی و میسری)، ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە 230 کەس.
لە کۆتاییدا، وەزارەتی بەرگری ئیمارات جەختی لەسەر ئامادەیی تەواوی هێزەکانی کردەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک و رایگەیاند: "بە توندی رووبەڕووی هەر هەوڵێک دەبینەوە کە ئامانجی تێکدانی ئاسایشی وڵات بێت، بە جۆرێک کە پارێزگاری لە سەروەری و سەقامگیری ئیمارات مسۆگەر بکات."



