وەزارەتی دارایی هەرێم داهاتی نانەوتی بۆ مانگی نیسان رەوانەی بەغداد كرد و چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا موچەی مانگی چواری موچەخۆرانی هەرێم خەرج بکرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە،، ئەمڕۆ 50 ملیار دینار و 292 ملیۆن دینار وەك داهاتی نانەوتی مانگی نیسان خرایە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی عیراق.

ئاماژەی بەوەشکرد، داهاتی نانەوتی مانگی نیسان بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عیراق.

لەلایەکی ترەوە، بڕیار محەمەد پەیامنێری کوردسات نیوز لە هەولێر رایگەیاند، بەغداد لە چەند رۆژی داهاتوودا بڕیار لەسەر خەرجکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەدات.

وتیشی، سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاندووە، قسە لەگەڵ بەغداد کراوە و رێکارەکانی خەرجکردنی مووچە خێراتر دەکرێت.

پەیامنێری کوردسات نیوز ئاشکراشیکرد، چاوەڕوان دەکرێت رۆژی چوارشەممە یاخود پێنجشەممە، وەزارەتی دارایی عیراق پارە موچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی هەرێم بخاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم.