تەندروستی جیهانی: ڤایرۆسی 'هانتا' وەک کۆرۆنا مەترسیدار نییە
محەمەد رزگار
١٠ی ئایاری ٢٠٢٦
تەندروستی جیهانی دڵنیایی دەدات، ڤایرۆسی "هانتا" مەترسییەکی گەورە نییە و وەک کۆرۆنا بڵاونابێتەوە.
تیدرۆس ئەدهانۆم بەڕێوەبەری گشتی رێكخراوی تەندروستیی جیهانیی، پەیامێکی دڵنیایی ئاراستەی دانیشتوانی دوورگەکانی کەناری و گەشتیارانی ناو کەشتی "MV Hondius" کرد، جەختی لەوە کردەوە کە هێشتا مەترسییەکانی ڤایرۆسی "هانتا" لە ئاستێکی نزمدا ماونەتەوە.
تیدرۆس ئەدهانۆم رایگەیاند، "ئەم نەخۆشییە کۆرۆنا نییە، ئەوان وەک رێکخراوی تەندروستی جیهانی چەندین جار ئەوەیان دووپات کردووەتەوە." ئاماژەی بەوەش کرد کە نیگەرانییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەهۆی ئەزموونی تاڵی جیهان لەگەڵ پەتای کۆرۆنا "بڕ پاساوە"، بەڵام رەوشی ئێستا زۆر باشترە.
بەڕێوەبەری گشتی رێكخراوی تەندروستیی جیهانیی ئەوەشی خستەڕوو، ئەم جۆرە ڤایرۆسە بە ئاسانی کۆرۆنا ناگوازرێتەوە، هەروەها هەنگاوی پێویست نراوە بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.
گومان دەکرێت تووشبووانی سەر کەشتییەکە تووشی ڤایرۆسی "ئەندێز" (Andes virus) بووبێتن، کە تەنها جۆری "هانتا"یە توانای گواستنەوەی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تری هەبێت، بەڵام پسپۆڕان دەڵێن ئەمە تەنها لە حاڵەتی "بەرکەوتنی زۆر نزیک و درێژخایەن"دا رودەدات، وەک ئەندامانی یەک خێزان یان کارمەندانی تەندروستی.
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، کەشتییەکە بگاتە دوورگەی "تێنێریف"ی ئیسپانی و نزیکەی 150 سەرنشین دابەزێنرێن. وەزیرانی تەندروستی و ناوخۆی ئیسپانیا دڵنیایییان داوە کە "هیچ بەرکەوتنێک" لە نێوان گەشتیاران و دانیشتوانی ناوچەکەدا رونادات و گەشتیارەکان راستەوخۆ بە پاسی تایبەت بۆ فڕۆکەخانە دەگوازرێنەوە تا بگەڕێنەوە وڵاتەکانی خۆیان.
جێگەی ئاماژەیە، تا ئێستا سێ کەس (ژنێکی ئەڵمانی و ژن و مێردێکی هۆڵەندی) لەسەر کەشتییەکە گیانیان لەدەستداوە، هاوکات گەشتیارێکی بەریتانی بەهۆی ناجێگیری باری تەندروستییەوە بە فڕۆکە بۆ ئەفریقای باشور گواستراوەتەوە.
بەپێی راپۆرتە تەندروستییەکان، ماوەی مانەوەی ڤایرۆسەکە لە جەستەدا (Incubation period) لە نێوان یەک بۆ هەشت هەفتە دەخایەنێت، تا ئێستاش هیچ ڤاکسین یان چارەسەرێکی تایبەت بۆ ئەم ڤایرۆسە نییە و تەنها چارەسەری پاڵپشتیکار بۆ نەخۆشەکان دەکرێت.



