لایەنە سوننەکان بێ بەشداریی "عەزم" كۆبونەوە
سەوسەن سەید
٤ی ئایاری ٢٠٢٦
لایەنە سیاسییە سوننەکانی ناو "ئەنجومەنی سیاسیی نیشتمانی" کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانیان لە ماڵی خەمیس خەنجەر ئەنجامدا، بە مەبەستی تاوتوێکردنی کارنامەی داواکارییەکانی پێکهاتەی سوننە و شێوازی بەشدارییان لە حکومەتی داهاتووی عیراق بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو.
سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کرد کە کۆبوونەوەکە هاوپەیمانی "عەزم" بە سەرۆکایەتی موسەننا سامەڕائی تییدا بەشدار نەبوو، کە خاوەنی 15 کورسییە لە کۆی 77 کورسیی نوێنەرانی سوننە لە ئەنجومەنی نوێنەران.
تا ئێستا هۆکارە رەسمیەکانی ئامادەنەبوونی سامەڕائی رانەگەیەندراون، لە کاتێکدا لایەنە سوننەکانی دیکە هەوڵ دەدەن وەک بەرەیەکی یەکگرتوو لەگەڵ لایەنە شیعەکان بچنە ناو دانوستانەکانەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کۆمەڵێک مەرج و داواکاری کرا کە پەیوەستن بە قۆناغی داهاتوو، کە گرنگترینیان هاوسەنگی سیاسی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، و دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ پارێزگا ئازادکژراوەکان لە دەستی داعش، وگەرەنتی جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت.
بڕیارە ئەم داواکارییانە لە چوارچێوەی رەشنووسێکی کۆتاییدا ئاراستەی عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو وچوارچێوەی هەماهەنگی وەک گەورەترین کوتلەی لایەنە شیعەکان بکرێت
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ خێراتر بوونەتەوە، عەلی زەیدی هەوڵ دەدات بەشدارییەکی بەرفراوانی هەموو پێکهاتەکان مسۆگەر بکات بۆ تێپەڕاندنی ئاڵۆزییە سیاسی و ئابورییەکان.



