کایا کالاس: کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە ئەڵمانیا کتوپڕ بوو
سەوسەن سەید
٤ی ئایاری ٢٠٢٦
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، ئەمڕۆ دووشەممە، رایگەیاند کە کاتی راگەیاندنی پلانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ کشانەوەی 5000 سەرباز لە ئەڵمانیا، جێگەی سەرسوڕمان بوو.
کالاس لە کاتی گەیشتنی بۆ لووتکەی کۆمەڵگەی سیاسی ئەوروپا لە ئەرمینیا، وتی: کاتی ئەم راگەیاندنە کتوپڕە.. پێموایە ئەمە دەری دەخات کە پێویستە پایەی ئەوروپی لەناو هاوپەیمانی ناتۆدا بەهێزتر بکرێت و پێویستە هەوڵی زیاتر بدرێت، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە: بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا تەنها بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەوروپا نییە، بەڵکو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاش دەگرێتەوە.
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە هات کە مارک روتە، ئەمینداری گشتیی ناتۆ، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ رایگەیاندبوو کە وڵاتانی ئەوروپا پەیامێکیان لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە پێگەیشتووە و ئێستا کار دەکەن بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی پەیوەست بە بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکان.
روتە لە پەراوێزی لووتکەی ئەرمینیا بە رۆژنامەنووسانی وت: هەندێک ناڕەزایەتی لە لایەنی ئەمریکاوە هەبوو، بەڵام ئەوروپییەکان گوێیان گرت.
شایەنی باسە، پێشتر ترەمپ هەندێک لە وڵاتانی ناتۆی تۆمەتبار کردبوو بەوەی کە کەمتەرخەمن لە پشتگیریکردنی ئەمریکا لە جەنگی دژ بە ئێران، هەروەها رەخنەی لێگرتبوون کە بەشداری ناکەن لە دابینکردنی ئاسایشی گەشتیاری دەریایی لە گەرووی هورمز.



