ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمریکا دەبێت فێری ئەوە بووبێت، کە ناتوانێت بە زمانی هەڕەشە و زۆر لەگەڵ ئێران بدوێت و هۆشداری دا کە تاران خۆی بە پارێزەری ئاسایشی گەروی هورمز دەزانێت.

بەقائی ئاماژەی بەوە کرد، کە ئاسایشی ناوچەکە پێش دەستێوەردانەکانی ئەمریکا پارێزراو بووە و ئێستاش هەر جۆرە هاتوچۆیەکی سەلامەت پێویستی بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئێران هەیە.

سەبارەت بە دانوستانەکان، ناوبراو رایگەیاند، کە وەڵامی ئەمریکایان لە رێگەی پاکستانەوە پێگەیشتووە، بەڵام جەختی کردەوە، کە واشنتۆن هەمیشە داواکاری بێسنوری هەیە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد،  لە ئێستادا تاران تەنیا جەخت لەسەر راگرتنی تەواوەتی شەڕ دەکاتەوە و بابەتەکانی پەیوەست بە پرسی ئەتۆمی لەم قۆناغەدا تەنیا وەک پێشبینی میدیایی دەبینێت.