ئەندامانی کۆماری لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا داوایان لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کردووە روونی بکاتەوە کە چۆن لێکدانەوە بۆ مۆڵەتی60 رۆژەی یاسای "دەسەڵاتەکانی جەنگ" دەکات لە چوارچێوەی هەڵمەتە سەربازییەکانیدا دژ بە ئێران.

گرنگی ئەم داواکارییە لەوەدایە کە وادەی کۆتایی 60 رۆژەکە نزیک دەبێتەوە، ئەمەش سەرۆک ناچار دەکات یان مۆڵەت لە کۆنگرێس وەربگرێت یان کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بهێنێت، بەتایبەت کە یەکەم هێرشەکان دژ بە ئێران لە 28ی شوباتی رابردوو دەستیان پێکرد.

پیت هیگسێت، وەزیری بەرگری، لە کاتی شایەتیدانی لەبەردەم لێژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجومەنی پیران، دیدگایەکی جیاوازی خستە روو، ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە دەکرێت کاتژمێرەکە بوەستێت یان بە شێوەیەکی کاتی رابگیرێت لە ماوەی راگەیاندنی ئاگربەستدا.

لەو چوارچێوەیەدا، وادیارە کۆمارییەکان، تەنانەت ئەوانەشی دوودڵ بوون لە پشتگیریکردنی بڕیاری دەسەڵاتەکانی جەنگ، کراوە بوون بەرامبەر لێکدانەوەکەی هیگسێت.

سیناتۆر تۆد یۆنگ بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: پێدەچێت جۆرێک لە نەرمی بۆ خۆی دابین کردبێت، ئێمەش چاوەڕێی هەر شتێک دەکەین کە بۆمانی بنێرن.

لای خۆشیەوە، سیناتۆر جۆش هاوڵی وتی: پێشبینی دەکەم ئیدارەکە ئاگادارییەکی رەسمیمان بۆ بنێرێت کە تێیدا هەڵوێستی خۆی بەپێی یاساکە دیاری بکات، یان بە داواکردنی 30 رۆژی زیادە، یان روونکردنەوەی پێویستییان بە کاتی زیاتر بەهۆی هۆکارێکی دیاریکراوەوە.

لە بەرامبەردا، دیموکراتەکان بە توندی بەڵگەکانی هیگسێتیان رەتکردەوە، سیناتۆر تیم کەین روونی کردەوە کە "ئاگربەست واتە نەکەوتنی بۆمب، بەڵام بەواتای نەمانی کردەوەی دوژمنکارانە نایەت.

ئەگەر سوپای ئەمریکا بەکاربهێنین بۆ گەمارۆدانی هەموو ئەو شتانەی دەچنە ناو ئێران یان لێی دەچنە دەرەوە، ئەوا ئەمە هێشتا بە دوژمنکاری هەژمار دەکرێت، کەین جەختی کردەوە کە ئەم وەڵامەی وەزیر دەری دەخات ئەوان دەزانن کێشەی 60 رۆژەکەیان هەیە و هەوڵ دەدەن پاساوێک بدۆزنەوە بۆ خۆدزینەوە لێی.

ئەم مشتومڕەی ئێستا سەبارەت بە مۆڵەتی 60 رۆژ لەگەڵ ئێران، ململانێیەکی هاوشێوەی نێوان کۆنگرێس و کۆشکی سپی لە کاتی جەنگی لیبیا لە ساڵی ٢٠١١دا دەهێنێتەوە یاد. لەو کاتەدا، باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، باسی لەوە دەکرد کە بەشداریکردنی ئەمریکا – کە پێدانی زانیاری هەواڵگری و سووتەمەنی بە فڕۆکەکانی هاوپەیمانانی دەگرتەوە – نەگەیشتووەتە ئاستی "کردەوەی دوژمنکارانە" بەپێی یاساکە.