عراقچی: ناتانیاهۆ خەریکە ئەمریکا بەرەو مایەپوچبوونی دارایی دەبات
سەوسەن سەید
١ی ئایاری ٢٠٢٦
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پنتاگۆن)ی تۆمەتبار کرد بەوەی رای گشتی چەواشە دەکات سەبارەت بە تێچووی پاڵپشتییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل، و جەختی کردەوە کە ئەو ژمارانەی رادەگەیەنرێن قەبارەی راستەقینەی خەرجییەکان نیشان نادەن.
عراقچی لە پۆستێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" رایگەیاند: "قومارەکەی بنیامین ناتانیاهۆ"، تا ئێستا بە شێوەیەکی راستەوخۆ نزیکەی 100 ملیار دۆلاری لە ئەمریکا تێچووە، کە ئەمەش بە چوار هێندەی ئەو ژمارەیە دادەنرێت کە بە رەسمی باس دەکرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە "تێچووە ناڕاستەوخۆکان لەسەر شانی باجدەرانی ئەمریکی زۆر لەوە زیاترن"، و وتیشی: "باری دارایی مانگانە گەیشتووەتە نزیکەی 500 دۆلار بۆ هەر خێزانێکی ئەمریکی، و ئەم رێژەیەش لە بەرزبوونەوەی بەردەوامدایە.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆتایی قسەکانیدا نووسیویەتی: "سیاسەتی (سەرەتا ئیسرائیل) هەمیشە بە واتای (ئەمریکا لە کۆتاییدا) دێت"، ئەمەش وەک رەخنەیەک لە پێشینەی کارەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە گرژییە سیاسییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بەهۆی جەنگی ناوچەکە و پاڵپشتییە سەربازی و داراییەکانی واشنتۆن بۆ تەلئەبیب گەیشتووەتە ئەوپەڕی، و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش مشتومڕێکی زۆر هەیە لەسەر قەبارەی خەرجییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت دوای فراوانبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە مانگەکانی رابردوودا.



