وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم رایگەیاند، ئەو کەسانەی وەک گرێبەست دادەمەزرێن لە زانکۆ و ناوەندە حکومییەکاندا، لە هەمان کاتدا لە سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکانن، مافی سێ یەکەمییان پارێزراو دەبێت.
د.توانا نەجەف بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان، دەتوانن داواکاریی پێشکەشبکەن بۆ دامەزراندن بە شێوازی گرێبەست، بەبێ ئەوەی مافی یەکەمیان لەدەست بدەن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، وابریارە لە چەند رۆژی داهاتوو پلاتفۆرمەکە کە تایبەتە دامەزراندن بە شێوازی گرێبەست لە نیو وەزارەتی خوێندنی باڵا کارا بکرێت.
لەبارەی دامەزراندنی سێیەکەمەکانیشەوە، د.توانا نەجەف وتویەتی دڵنیایە، کە دۆسیەی سێ یەکەمەکان لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کاری تەواوی لەسەر دەکرێت و بەرگریشی لێدەکرێت، چونکە بە یاسا مافی خۆیانە دابمەزرێندرێن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی 2ـی8ـی 2026، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم لە نوسراوێكدا داتا و زانیاری سەرجەم سێ یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێم، كە دەرچووی ساڵانی 2017 تا 2025ن، لەگەڵ هەڵگرانی بڕوانامەی دبلۆمی باڵا و ماستەر و دكتۆرا، كە تائێستا دانەمەزراون، ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كرد، بە مەبەستی دابینكردنی میلاك و بودجە بۆیان لە بودجەی ساڵی 2027ی عیراق.