ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا، رایگەیاند، پێویستە وڵاتەکەی و یەکێتیی ئەوروپا بە شێوەیەکی بەرجەستە و کردەیی پشتگیری لە لوبنان بکەن و بەردەوامیشن لە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی داخستنی گەروی هورمز.

 ماکرۆن جەختی کردوەتەوە، گەڕاندنەوەی سەقامگیری بە زووترین کات بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگە و پێویستە ئەوروپا زیاتر بچێتە ناو ئەو مەلەفەوە و کاری زیاتری بۆ بکات.

سەرۆکی فەرەنسا وتویەتی؛ وڵاتەکەی خەریکی رێکخستنی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتییە بۆ پاڵپشتیکردنی لوبنان و بەردەوامبوون لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ئەنجامدانی دانوستان و چەسپاندنی ئاشتی لەو وڵاتەدا.

ماکرۆن ئاماژەی بە رەوشی گەروی هورمز کرد و جەختیکردەوە، پاریس بەردەوامە لەسەر ئەو کارە هاوبەشانەی کە لە هەفتەی رابردوەوە لەگەڵ بەریتانیا دەستیان پێکردووە.

ئەم هەنگاوەی پاریس و لەندەن وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ پاراستنی ئاسایشی کەشتیوانی لەو رێڕەوە ئاوییە گرنگەدا، کە لە ئێستادا بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکەوە روبەڕووی مەترسی بووەتەوە و بوەتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنی لە جیهاندا و دروستبونی قەیرانی وزە.