دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت؛ لەسەر داوای پاکستان، بڕیاریداوە هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران رابگرێت و ماوەی ئاگربەست درێژ بکاتەوە.

ترەمپ رایگەیاند، لەبەر ئەوەی حکومەتی ئێران بە قووڵی دابەش بووە، کە ئەمەش کارێکی چاوەڕواننەکراو نەبوو، هەروەها پاکستان داوایان لێکراوە هێرشەکانمان بۆ سەر وڵاتی ئێران رابگرن.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم بڕیارە تا ئەو کاتەیە کە سەرکردە و نوێنەرانی ئێران دەگەنە پێشنیازێکی یەکگرتوو بۆ دانوستان.

ترەمپ جەختیشی کردەوە، سوپای ئەمریکا راسپێردراوە بەردەوام بێت لە گەمارۆدانی دەریایی و لە هەموو روەکانی ترەوە لە ئامادەباشی تەواودا بمێننەوە.

سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو، ئاگربەستەکە درێژ دەکرێتەوە تا ئەو کاتەی پێشنیازەکەی ئێران پێشکەش دەکرێت و گفتوگۆکان بە لایەکدا دەخرێن، جا چ بە رێککەوتن بێت یان بە پێچەوانەکەیەوە.

ئەم بڕیارە کتوپڕەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە تەنها چەند سەعاتێک مابوو بۆ کۆتاییهاتنی ئاگربەست، بەمەش جارێکی تر هەلی دیپلۆماسی لە پاکستان دەخرێتە پێش بژاردەی جەنگی راستەوخۆ.