ژاپۆن بۆ یەکەمجار بەشداری لە مانۆڕی سەربازی لەگەڵ ئەمریکا و فلیپین دەکات
سەوسەن سەید
٢٠ی نیسانی ٢٠٢٦
هەزاران سەربازی ئەمریکی و فلیپینی دەستیان بە مانۆڕە سەربازییە ساڵانەکانیان کرد، کە ئەمساڵ بۆ یەکەمجار هێزێکی سوپای ژاپۆنیش تێیدا بەشدارە.
ئەم مانۆڕانە مەشق و راهێنانی بە تەقەمەنی زیندوو دەکرێت لە ناوچەکانی باکووری فلیپین کە دەڕواننە سەر دەربەندی تایوان، هەروەها لەو ناوچانەی دەکەونە سەر دەریای چینی باشوور، کە ناوچەیەکی جێناکۆکە و بەردەوام گرژی لەنێوان هێزی دەریایی فلیپین و چین تێیدا روودەدات.
عەقید دێنس هێرناندێز، وتەبێژی هێزەکانی فلیپین رایگەیاند کە سوپای ژاپۆن بە1400 سەرباز بەشداری دەکات و موشەکی کروزی جۆری 88 بۆ نوقمکردنی کەشتییەک لە کەناراوەکانی "باوای" باکوور بەکاردەهێنێت.
کۆلۆنێل ڕۆبێرت بان، وتەبێژی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند کە ئەم مانۆڕە نیشانەی "هاوپەیمانییەکی بەهێزە لەگەڵ فلیپین" و جەختی لە پابەندبوونی واشنتون کردەوە بۆ ناوچەیەکی ئازاد و کراوە لە زەریای هیندی و هێمن.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەری لەسەر ژمارەی هێزە بەشداربووەکانی ئەمریکا نابێت.
ئەم جووڵە سەربازییانە لە کاتێکدایە کە چین فشارە سەربازییەکانی بۆ سەر تایوان زیاد کردووە، ، فێردیناند مارکۆس، سەرۆکی فلیپین پێشتر هۆشداری دابوو کە بەهۆی نزیکی وڵاتەکەی لە تایوان، هەر جەنگێک لەو ناوچەیەدا رووبدات، فلیپین بەبێ ویستی خۆی پەلکێشی ناو ململانێکان دەکرێت، مارکۆس رێککەوتنامەی بەرگری هاوبەشی ساڵی 1951ی نێوان مانیلا و واشنتون بە کۆڵەکەیەکی سەرەکی ئاسایشی وڵاتەکەی دادەنێت.


