ترەمپ: ئەمرۆ دانوستانەكانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان دەستپێدەكات
١٦ی نیسانی ٢٠٢٦
سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، لەئەمڕۆوە دانوستانەكانی نێوان سەركردەكانی لوبنان و ئیسرائیل لە واشنتۆن دەستپێدەكەنەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، بڕیارە هەر ئەمڕۆ لە كاتێكی درەنگدا وتوێژ و گفتوگۆ لە نێوان ئیسرائیل و لوبناندا لە واشنتۆن بەڕێوەبچێت، ئەم هەنگاوەش وەك هەوڵێك بۆ هێوركردنەوەی گرژییەكانی نێوان هەردوو وڵات دادەنرێت.
ترەمپ راشیگەیاندووە، نزیكەی 34 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دواین دیالۆگی نێوان سەركردەكانی ئیسرائیل و لوبنان، مەبەست لەم دیدارەش هەوڵدانە بۆ هێوركردنەوەی رەوشی ناوچەكە و كۆتاییهێنان بەو دابڕانە درێژخایەنەی لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەبووە.
سەرەڕای ئەو هەوڵە دیپلۆماسییانە، ئیسرائیل پێیوایە بەرەی لوبنان ناچێتە چوارچێوەی ئەو ئاگربەستەی كە لە 8ـی نیسان لە نێوان ئەمریكا و ئێراندا دەستیپێكردووە، هەر بۆیە هێرشە سەربازییەكانی بۆ سەر حزبوڵا بەردەوامن.
ئەمە لە كاتێدایە، درەنگانی شەوی چوارشەممە نوسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ، ناتانیاهۆ، فەرمانی بە سوپای وڵاتەكەی كرد، ناوچەی ئەمنی و شەڕ لە باشووری لوبنان فراوانتر بكەن ئەوەش لە چوارچێوەی هێرشەكانیان بۆ حزبوڵای لوبنان.



