قوباد تاڵەبانی: نزار ئامێدی کەسایەتییەکی شیاو، شارەزا و نیشتمانپەروەرێکی راستەقینەیە
١٢ی نیسانی ٢٠٢٦
بە بۆنەی هەڵبژاردنی نزار ئامێدی وەک سەرۆک کۆماری عێراق، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و دەڵێت؛ گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزیان دەکەم و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم لەم ئەرکە نیشتمانییەدا.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکردوە، نزار ئامێدی کەسایەتییەکی شیاو، شارەزا و نیشتمانپەروەرێکی راستەقینەیە، چونکە ئامادەیی و کارکردنی بەردەوامی بۆ ماوەی زیاتر لە 20 ساڵ لە بەغداد، ئەزموونی دەوڵەمەندی لەگەڵ جەنابی سەرۆک مام جەلال و سەرۆک کۆمارەکانی دواتردا هەیە.
دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی
بەبۆنەی هەڵبژاردنی بەڕێز کاک نزار ئامێدی وەک سەرۆککۆماری نوێی عێراق، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزیان دەکەم و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم لەم ئەرکە نیشتمانییەدا.
کاک نزار ئامێدی کەسایەتییەکی شیاو، شارەزا و نیشتمانپەروەرێکی ڕاستەقینەیە. ئامادەیی و کارکردنی بەردەوامی بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵ لە بەغدا، ئەزموونی دەوڵەمەندی لەگەڵ جەنابی سەرۆک مام جەلال و سەرۆککۆمارەکانی دواتر، هەروەها هەبوونی پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ تەواوی لایەنە عێراقییەکاندا، دڵنیامان دەکاتەوە لە سەرکەوتنی بەڕێزیان لەم بەرپرسیارێتییە نوێیەدا.
متمانەی تەواومان هەیە کە جەنابی سەرۆککۆمار بە حیکمەت و داناییەوە کار دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق، بەتایبەت دۆزینەوەی چارەسەری ریشەیی بۆ پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی.
سوپاس و پێزانینمان ئاراستەی هەموو ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکەین کە دەنگی متمانەیان بە جەنابی سەرۆککۆمار بەخشی، هەروەها سوپاس بۆ تەواوی ئەو لایەنە دۆست و هاوپەیمانانەی کە هاوکار و پشتیوان بوون لە سەرکەوتنی کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
سوپاسێکی تایبەتیش بۆ جەنابی دکتۆر لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری پێشوو کە گەورەیی نواند و کاندیدبوونی خۆی کشاندەوە، ئەمەش شانازییەکی گەورەیە بۆ بەڕێزیان کە لە کلتووری سیاسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگمەنە سەرۆکێک دەستبەرداری کورسییەکەی بێت.
لە کۆتاییدا پیرۆزبایی ئەم سەرکەوتنە لە سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەم. هەروەها پیرۆزبایی لە هەموو گەلی عێراق و گەلی کوردستان دەکەم و بە تایبەتیش پیرۆزبایی لە خەڵکی دڵسۆز و بە ئەمەکی پارێزگای دهۆکی ئازیز دەکەم کە بۆ یەکەمجار لە مێژوودا کەسایەتییەکی ئەو دەڤەرە دەبێتە سەرۆککۆماری عێراق.


