شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: د. لەتیف رەشید بە هەستی بەرپرسیارێتی سەرۆکایەتی گەلی عیراقی کرد
سام
١١ی نیسانی ٢٠٢٦
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیداهاتووە: لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکە رەسمییەکانی هاوسەر و هاوڕێی تەمەنم، عەبدولەتیف جەمال رەشید لە سەرۆکایەتی کۆماردا، هەست بە شانازی دەکەم لە ئاست ئەو میراتە دوانەهاتووەی کە سەرکردایەتییەکەی بۆی جێهێشتووین.
لە پەیامەکەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دا ئاماژە بەوەشدراوە: زۆرێک لە کار و دەستکەوتە بەرهەمدارەکانی نەبوونە سەردێڕی هەواڵەکان، بەڵام هەوڵ و کۆششەکانی لە پشت پەردەوە، رۆڵییان هەبوو لە هێورکردنەوەی گرژییەکان، دووبارە کردنەوەی کەناڵەکانی پەیوەندی، پاراستنی عیراق لە پەلکێشکردن بۆ ناو ململانێ هەرێمییەکان و ئاڕاستەکردنی وڵات بەرەو رێڕەوێکی پێشکەوتووتر و سەقامگیرتر.
دەقی پەیامەکە
هاونیشتمانیانی ئازیزی عیراق،
لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکە رەسمییەکانی هاوسەر و هاوڕێی تەمەنم، عەبدولەتیف جەمال رەشید لە سەرۆکایەتی کۆماردا، هەست بە شانازی دەکەم لە ئاست ئەو میراتە دوانەهاتووەی کە سەرکردایەتییەکەی بۆی جێهێشتووین.
وڵاتەکەمان و ناوچەکەش بە ساڵانێکی پڕ لە ئاڵۆزی و ناسەقامگیریدا تێپەڕین. بەدرێژایی ئەم ماوەیەش، شایەتی ئەوە بووم کە چۆن بە دەستپاکییەوە و بە هەستێکی بەرزی لێپرسراوێتیی نیشتمانیی بەرامبەر وڵات و گەلی عییراق سەرۆکایەتی دەکرد، لە ساتەوەختی فشار و دابەشبووندا، ئەو لەبری خۆنواندن حیکمەتی هەڵبژارد و لەبری رووبەڕووبوونەوەش دیالۆگی کردە پیشە.
زۆرێک لە کار و دەستکەوتە بەرهەمدارەکانی نەبوونە سەردێڕی هەواڵەکان، بەڵام هەوڵ و کۆششەکانی لە پشت پەردەوە، رۆڵییان هەبوو لە هێورکردنەوەی گرژییەکان، دووبارە کردنەوەی کەناڵەکانی پەیوەندی، پاراستنی عیراق لە پەلکێشکردن بۆ ناو ململانێ هەرێمییەکان و ئاڕاستەکردنی وڵات بەرەو رێڕەوێکی پێشکەوتووتر و سەقامگیرتر.
لە هەمان کاتدا، پێویستە راستییەک ئاشکرا بکەین، ئەگەر لەم ماوەیەدا خاوەنی یەکڕیزییەکی گەورەتر و پشتگیرییەکی فراوانتر و کارێکی دەستەجەمعی بەهێزتر بووینایە، دەتوانرا دەستکەوتی زۆر گەورەتر بەدەست بهێنرێت.
شانازیش بەوەوە دەکەم کە لە پێگەی خۆمەوە وەک خانمی یەکەم، بەشدار بووم لە مسۆگەرکردنی ئەنجامدانی مەراسیمێکی شایستە بۆ بەخاکسپاردنی قوربانیانی ئەنفال لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا دوای تێپەڕبوونی چل و پێنج ساڵ، هەروەها پاڵپشتیکردنی هەوڵەکان بۆ ناسینەوەی ناسنامەی قوربانییە بێسەروشوێنبووەکانی ناو ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانە کە تا ئێستاش برینەکانیان خاکی ئێمەیان رەنگ کردووە. بۆ یەکەمجاریش، سەکۆی نووسینگەی خانمی یەکەم بۆ تیشکخستنەسەر منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت و چەندین پرسی تری مرۆیی بەکارهێنرا کە لە دڵمەوە نزیکن.
بە هەمان شێوەش، هەوڵمداوە پشتگیری ژنانی عیراق بکەم، کە رۆژانێک لە پێشەنگی بزووتنەوەی ژنان بوون لە ناوچەکەماندا، بەڵام لەم چەند دەیەی دواییدا زۆرجار دەنگیان پەراوێز خراوە. هیوادارم توانیبێتم بەشدار بم لە رەخساندنی دەرفەتی راستەقینە بۆ بەشدارییپێکردنیان لە ژیانی گشتی، پەروەردە و سەرکردایەتیکردندا.
نووسینگەی خانمی یەکەم، هەر لە سەرەتاوە دامەزراوەیەکی نوێ و هەندێک جاریش جێگەی مشتومڕ بووە. هەرچەندە کارە مرۆییەکانم و داکۆکیکردنم لە مافەکان و چالاکییە مەدەنییەکانم مێژووەکەی بۆ زۆر پێش ئەم پۆستە رەسمییە دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەم پێگە و سەکۆیە دەرفەتی ئەوەی پێدام کە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا نوێنەرایەتی عیراق بکەم، چ لە کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا یان لە کارە مرۆییەکاندا.
لە ساڵانی دواییشدا، نووسینگەی خانمی یەکەم رۆڵێکی کاراتری گێڕا لە خزمەتکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و پاڵپشتیکردنی پێشکەوتنی ژنان. هیوادارم لەمەودوا ئەم ئەزموونە وەک حاڵەتێکی ناوازە سەیر نەکرێت، بەڵکو وەک سەرەتایەک لێی بڕوانرێت.
لێرەدا دەمەوێت سوپاسی تەواوی تیمەکەم بکەم، کە ماندوونەناسانە و زۆرجار دوور لە چاوی کامێراکان کاریان کرد بۆ پشتگیریکردنی خانمی یەکەم و پەیامەکەمان. دەستخۆشی لە دڵسۆزیی، کارامەیی و بڕوای نەگۆڕیان دەکەم بە خزمەتی گشتی.
پاپەندبوونم بەرامبەر بە عێراق و گەلەکەی و داهاتووەکەی بە نەگۆڕی دەمێنێتەوە. هیوادارم بەردەوام بم لە بەخشین بەو شێوەیەی کە ویژدان و بڕواکانم رێنوێنیم دەکەن.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد



