ئەمڕۆ هەردوو وەفدی دانوستانكاری ئێران و ئەمریكا گەیشتنە پاكستان و وەفدی ئێران لەلایەن قالیباف و وەفدی ئەمریكاش لەلایەن جەی دی ڤانس سەرۆكایەتی دەكرێن و دەنگۆی جیاوازیش لەبارەی ماوەی درێژکردنەوەی گفتوگۆکان دەکرێت


ئەمڕۆ وەفدی ئێران گەیشتە شاری ئیسلام ئاباد پایتەختی پاكستان و محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئەو وڵاتە سەرۆكی وەفدەیەكە و عەباس عراقچی وەزیری دەرەوە، عەلی ئەكبەر ئەحمەدیان سكرتێری ئەنجومەنی بەرگریی و عەبدولستار هیمەتی سەرۆكی بانكیی ناوەندیی ئێران یاوەری دەكەن.

هاوکات، وەفدەکەی ئەمریكاش لەلایەن جەی دی ڤانس جێگری سەرۆكی ئەو وڵاتەوە سەرۆكایەتی دەكرێت و ئەندامانی وەفدەكەش پێكهاتوون لە سیتف ویتكۆف نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جارید كوشنەر راوێژكاری پێشووی سەرۆكی ئەمریكا و براد كوپەر فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا (سێنتكۆم).

لەلایەکی تریشەوە چەند سەرچاوەیەكی دیبلۆماسی پاكستان لەبارەی دانوستانەکەوە بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، دانووستانەكەی تاران و واشنتۆن لە ئیسلام ئاباد چەند رۆژێك دەخایەنێت، بەڵام بەپێی میدیاكانی ئێران دانوستانەكانی پاكستان تەنها یەك رۆژ دەخایەنێت.