هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بانگهێشتێکی ئاڕاستەی سەرجەم سەرکردە سیاسییەکان و سەرۆک حزبەکان و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران کرد بۆ ئامادەبوون لە دانیشتنی سبەینێ شەممە، کە تایبەتە بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار.

بە گوێرەی بانگێشتنامەک، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران جەختی لە گرنگی تەواوکردنی شایستە دەستورییەکان و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی کردوەتەوە  بە تایبەت لە ژێر رۆشنایی ئەو رەوشە ئەمنیی و ئابورییەی وڵات پێیدا تێدەپەڕێت، کە بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی دەخاتە سەر شانی هەمووان.

هەیبەت حەلبوسی، هۆشداری داوە،  کە ناوی ئەو ئەندامانەی ئامادەی دانیشتنەکە نابن، لەگەڵ ناوی ئەو فراکسیۆنانەی رێگری لە ئامادەبونی ئەندامەکانیان دەکەن، بۆ رای گشتی بڵاودەکرێتەوە.

ئەو کارەشی وەک هەنگاوێک بۆ شەفافیەت و دیاریکردنی ئەو لایەنانەی دەبنە هۆی پەکخستنی پرۆسە دەستورییەکە لەقەڵەمداوە.