جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا،پێس رێککەوتنی بەرەو پاکستان، بە میدیاکانی رایگەیاند، کە واشنتۆن بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی دەستپێکردنی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران دەکات و هیوای خواست ئەم گەڕەی گفتوگۆکان ئەرێنی بن.

ڤانس ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەوان ئامادەن دەستی هاوکاری درێژ بکەن لە دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد، بەڵام جەختیشی کردەوە کە هەموو شتێک بەستراوەتەوە بەوەی ئایا ئێرانییەکان ئامادەن بە نیازپاکی و بێ فێڵ و تەڵەکەبازی بێنە سەر مێزی گفتوگۆ یان نا.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، جێگری سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و رایگەیاند؛ ئەگەر لایەنی ئێرانی هەوڵی مانۆڕدان و کات کوشتن بدات، ئەوا دەبینن کە تیمی دانوستانکاری ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک وەڵامدەرەوەی داواکارییەکانیان نابێت.

جێگرەکەی سەرۆکی ئەمریکا، دووپاتی کردەوە، کە ئامانجی ئەوان سەرکەوتنی دانوستانەکانی ناو پاکستانە، بەڵام ئەمە پێویستی بە جددییەتی لایەنی بەرامبەر هەیە.