جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران: گەروی هورمز بە روی کەشتییەکانی ئەمریکادا کراوەیە
بڵند
١٠ی نیسانی ٢٠٢٦
سەعید خەتیبزادە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بە میدیاکانی راگەیاندوە کە گەروی هورمز کراوەیە و کەشتییە ئەمریکییەکان دەتوانن پێیدا تێپەڕن، بە مەرجێک بە شێوەیەکی دوژمنکارانە رەفتار نەکەن.
خەتیبزادە وتویەتی؛ گەروی هورمز کراوەیە، بەڵام بەهۆی سنورداربونی تەکنیکییەوە دەبێت کەشتیەکان لەگەڵ هێزەکانی ئێران هەماهەنگی بکەن، بە مەبەستی ئەوەی بە سەلامەتی بتوانن گەروەکە تێپەڕێنن.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، کە راپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کە دوای رێککەوتنی ئاگربەستی دوو هەفتەیی نێوان ئێران و ئەمریکا تەنیا چەند کەشتییەک توانیویانە بە گەروی هورمزدا تێپەڕن.
پێشتریش ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی پەرلەمان، بە ئاماژەدان بە پێشنیاری پەرلەمانتاران سەبارەت بە گەروی هورمز، سەپاندنی سنوردارکردنی هاتوچۆی کەشتییەکان لە رێگەی ئەم رێڕەوی ئاوییەوە راگەیاندبوو.
ئەم قسانەی خەتیبزادە لە کاتێکدایە، سەرۆکی ئەمریکا شەوی پێنجشەممە لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای تروس رایگەیاندبوو، ئێران کارێکی زۆر خراپ دەکات و ئەو شێوازی رێگەدانەی جێبەجێی دەکات بۆ تێپەربونی کەشتییەکان بە گەروی هورمزدا ئەوە نییە لەسەری رێککەوتون.


