کاروان گەزنەیی وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیداهاتووە: بەئامانجگرتنی ماڵ و حاڵی خەڵکی سڤیل، تەنها پێشێلکردنی سەروەریی خاک نییە، بەڵکو بەپێی هەموو عورف و یاسا نێودەوڵەتییەکان بە "تاوانی جەنگ" هەژمار دەکرێت و بە هیچ جۆرێک پاساو هەڵناگرێت، هەروەها ئامانجی سەرەکیی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەیە، کە خاک و خەڵکەکەمان پارێزراو بن.

دەقی پەیامەکە

راگەیەندراوێک لە وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە

بەتوندی ئیدانەی بەئامانجگرتنی ماڵی هاووڵاتییانی مەدەنی لە گوندی زەرگەزەوی  لەسنووری پارێزگای هەولێر دەکەین، کە بەداخەوە بووە هۆی شەهیدبوونی دوو هاوسەری بێتاوان.

بەئامانجگرتنی ماڵ و حاڵی خەڵکی سڤیل، تەنها پێشێلکردنی سەروەریی خاک نییە، بەڵکو بەپێی هەموو عورف و یاسا نێودەوڵەتییەکان بە "تاوانی جەنگ" هەژمار دەکرێت و بە هیچ جۆرێک پاساو هەڵناگرێت.

لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە، ئامانجی سەرەکیی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەیە، کە خاک و خەڵکەکەمان پارێزراو بن

هەروەک ئێمە لە کاتێکدا جەخت لە پاراستنی سەقامگیری هاووڵاتییانی کوردستان دەکەینەوە، لەهەمانکاتدا رایدەگەیەنین، هەرێمی کوردستان نابێت بەشێک بێت لەم جەنگ و ململانێیانە، چونکە پاراستنی ژیان و شکۆی هاووڵاتییانمان لە سەرووی هەموو ئەولەوییەتەکانمانەوەیە.

وێڕای شەرمەزارکردنی ئەم هێرشە ناڕەوایە، پرسە و هاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی هەردوو شەهیدەکەی شەوی رابردوو دەکەین.

 

کاروان گەزنەیی

وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

٧ی نیسانی ٢٠٢٦