د. لەتیف رەشید: پێویستە مافی ئێزدییەکان پارێزراو بێت
بڵند
٧ی نیسانی ٢٠٢٦
د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، لە کۆشکی سەلام لە بەغداد، پێشوازی لە وەفدێکی پەرلەمانتارانی پێکهاتەی ئێزدی کرد، کە پێکهاتبوون لە موراد ئیسماعیل، خالید سیدۆ و بسمان نافخۆش، لە دیدارەکەدا باس لە رەوشی ئێزدییەکان و ئاڵنگارییە ئەمنی و سیاسییەکان کرا.
لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختی لە پێویستی پاراستنی مافی ئێزیدییەکان و قەرەبووکردنەوەی قوربانییان کردەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەش دا، کە دەبێت رێکارەکانی گەڕانەوەی ئاوارەکان تەواو بکرێن و لە رێگەی یاسا و هەنگاوە حکومییەکانەوە ژیانێکی شایستەیان بۆ دابین بکرێت.
لای خۆیانەوە، پەرلەمانتارانی ئێزیدی سوپاسی هەوڵەکانی سەرۆک کۆماریان کرد بۆ پشتگیریکردن لە دۆزی پێکهاتەکەیان و خێراکردنی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان.
هەروەها پاڵپشتی خۆیان بۆ تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان دەربڕی بە جۆرێک کە نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە بۆ هەموو پێکهاتەکان، بە تایبەت ئێزیدییەکان، مسۆگەر بکات و مافی تەواوی هاووڵاتییانی عیراق بپارێزرێت



