ترەمپ: ئێران بە شێوەیەکی نیمچە تەواو وێران بووە
٢ی نیسانی ٢٠٢٦
سەرۆكی ئەمریكا وتارە چاوەروانكراوەی پێشكەشكرد، لەگەڵ ئەوەی هیچ شتێكی نوێ تیدا باس نەكرد، بەڵام جەخت لەوەكردەوە ئەمریكا نزیكە لە گەیشتن بە ئامانجەكانی لە ئێران.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، لە وتارێكی تایبەتدا بۆ گەلی وڵاتەكەی، دواین پێشهاتەكانی ململانێی لەگەڵ ئێرانی خستە ِوو، ترەمپ رایگەیاند، ئەمریكا زۆر نزیكە لە كۆتاییهێنان بەو ئەركە ستراتیژییانەی كە بۆ سنوورداركردنی هەڕەشەكانی ئێران دیاریی كردبوون.
سەرۆكی ئەمریكا ئاشكرای كرد، سوپای وڵاتەكەی چەندین بنكەی ئەتۆمی و كۆگای موشەكی بالیستی ئێرانی تێكشكاندووە، كە مەترسی بوون بۆ سەر ئاسایشی ئەمریكا و ئەوروپا. ترەمپ هۆشدارییەكی توندی ئاراستەی تاران كرد و وتی:
لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا، ترەمپ جەختی لە پابەندیی واشنتۆن كردەوە بۆ پاراستنی هاوپەیمانەكانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. رایگەیاند كە ئەمریكا رێگە نادات وڵاتانی عەرەبی كەنداو و ئیسرائیل تووشی هیچ زیانێك یان شكستێك ببن.
سەبارەت بە كاریگەرییەكانی شەڕ لەسەر بازاڕی وزە، ترەمپ هەوڵدا نیگەرانییەكانی ناوخۆی ئەمریكا بڕەوێنێتەوە و ئاماژەی بەوە كرد ئەمریكا خاوەنی غاز و نەوتی پێویستە و پێویستی بە نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەماوە، وتیشی، بەرزبوونەوەی نرخەكان كاتییە و دوای كۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەكان بە خێرایی دادەبەزن.
سەبارەت بە گەرووی هورمزیش ترەمپ رایگەیاند، گەرووی هورمز بۆ ئەمریكا بایەخێكی ستراتیژی گەورەی نەماوە، چونكە پشتیان بە سەرچاوەی دیكەی وەك ڤەنزوێلا بەستووە؛ پەیامیشی بۆ ئەو وڵاتانەی پێویستیان بەو گەرووەیە نارد كە دەبێت خۆیان پارێزگاری لێ بكەن.
ئەم وتارەی ترەمپ نیشاندەری ستراتیژێكی نوێی ئەمریكایە، كە تێیدا تێكەڵەیەك لە گوشاری سەربازیی توند و بێباكی لە هەڕەشە ئابوورییەكانی ئێران دەبینرێت، لەگەڵ دووپاتكردنەوەی سەربەخۆیی لە كەرتی وزەدا.



