د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق لە کۆشکی سەلام لە بەغداد پێشوازی لە وەفدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد.

دیدارەکە لە چوارچێوەی پتەوکردنی دیالۆگ لەنێوان هێزە سیاسییەکان و چەسپاندنی سەقامگیری لە وڵاتدا بەڕێوەچوو، کە تێیدا باس لە دواین بابەتی سیاسی و نیشتمانیی کرا. 

سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی بەردەوامی لێکتێگەیشتن و هەماهەنگی نێوان لایەنە جیاوازەکان بۆ بەشداریکردن لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و پشتگیریکردنی پرۆسەی سیاسی لەڕێگەی گفتوگۆی بنیاتنەر و هاوبەشی نیشتمانی.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرا. سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە پێویستی فراوانکردنی چوارچێوەی هاوکارییەکان بەگوێرەی دەستوور و بە شێوەیەک کە هاوسەنگی لە بەڕێوەبردنی مەسەلە هاوبەشەکان بەدەستبهێنێت و پەیوەندی نێوان بەغداد و هەولێر بەهێزتر بکات.

هەر لە دیدارەکەدا باس لە پێشهاتەکانی رەوشی ناوچەکە و کاردانەوەکانیان لەسەر عیراق کرا. جەختکرایەوە لەسەر گرنگی پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی هاوسەنگ کە بەرژەوەندییەکانی وڵات بپارێزێت و پاڵپشتی ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەکەی بکات لە بەر ڕۆشنایی ئاستەنگەکانی ئێستا.