وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا باس لە پڕۆسەی خوێندن دەکات بە شێوازی 'ئۆنلاین' و باس لە کاتی تاقیکردنەوەکان دەکات.

وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیداهاتووە: پڕۆسەى خوێندن لە رۆژی 30ـی 3ـی 2026 بەشێوەى ئۆنلاین و دیجیتاڵى لە سەرجەم زانکۆکانى هەرێمى کوردستان دەست پێدەکاتەوە، بە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانیشەوە، هەروەها  دەسەڵات دەدرێتە زانکۆ و پەیمانگەکان بەپێى شوێنى جوگرافى و تایبەتمەندى بەشە زانستییەکان بۆ گرتنەبەرى هەر شێوازێکى خوێندنى ئۆنلاین و دیجیتاڵى و بەکارهێنانى یەکێک لە پلاتفۆرمە ستانداردە جیهانییەکان".

لە راگەیەندراوەکەشدا هاتووە: سەرەڕاى خوێندنى ئۆنلاینى راستەوخۆ، زانکۆ و پەیمانگەکان پێویستە تەواوى وانەکان بەشێوەى ئەلیکترۆنى دەسەبەر بکەن لەسەر ئەو پلاتفۆرمەى کە بەکارى دەهێنن بۆ وانە وتنەوە، هەروەها کۆلیجە پزیشکییەکان جگە لەو بابەتانەى کە بە ئۆنلاین وەریدەگرن، بۆ وانە پراکتیکى و تیۆرییەکانى تر دەتوانن بچنەوە ناو نەخۆشخانەکان و بەردەوامى بەخوێندن بدەن".

وەزارەتی خوێندنی باڵا دەشڵێت: ئەو وانانەى کە بەشێوەى ئۆنلاین و راستەوخۆ دەگوترێنەوە، پێویستە لەکاتى دەوامى رەسمی و خشتەى وانەکانى رۆژانەدابن، واتە نابێت بخرێنە دواى دەوامى رەسمی و شەوان، سەبارەت بە وانە پراکتیکییەکان، ئەو وانانەى کە دەکرێت لە رێگەى ئۆنلاین بوترێنەوە بەپێى پسپۆڕییە جیاوازەکان، ئەوا بەشێوەى ئۆنلاین دەگوترێنەوە، ئەو وانە پراکتیکیانەشى کە پێویستى بەناو کەمپەس دەبێت، زانکۆ چاوەڕێى هەڵسەنگاندنى بارودۆخى هەفتەکانى دواتر دەکەن بۆ ئەوەى لەکاتى ئاسایى بوونەوەى بارودۆخەکە لەناو کەمپەس وانەکان بوترێنەوە".

بەپێی راگەیەندراوەکە: پێویستە لەسەر زانکۆ و پەیمانگەکان بە لەبەرچاوگرتنى بارودۆخەکە بەپێى خشتەیەکى گونجاو بۆ هەر کۆلیج و بەشێکى زانستى تاقیکردنەوەکان رێکبخرێن، بەمەرجێک رەچاوى هاتوچۆى خوێندکارانى دەرەوەى شار بکرێت، لەهەمان کاتیشدا خشتەى کۆلیجەکان لەیەک کاتدا نەبن، ئەمەش بەمەبەستى دروستنەبوونى قەرەباڵغى ناو زانکۆ و بەشە ناوخۆییەکان".

وەزاەرتی خوێندنی باڵا دەشڵێت: کۆرسى خولەکانى پێداگۆجى و سەنتەرەکانى زمان بەشێوەى ئۆنلاین بەردەوام دەبن، هەروەها گفتوگۆى نامەکانى (ماستەر، دکتۆرا) هەروەک پێشتر وەزارەتمان بڕیارى لەبارەوە دابوو، تەنها سەرۆک و ئەندامانى لیژنە و سەرپەرشتیار و توێژەر ئامادەى گفتوگۆکە دەبن.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەشدا هاتووە: بەڕێوەبەرایەتى ئایتى لەسەرۆکایەتى سەرجەم زانکۆ و پەیمانگەکان لەم ماوەیەدا بەردەوام بەئەرکى خۆیان هەڵسن بۆ چارەسەکردنى هەر گرفتێکى تەکنیکى بۆ کۆلێج و بەشەکان و هاوکاری کردنى خوێندکاران و قوتابیان، بۆ هەر پرسێک کە دێتەپێشەوە و لەم گشتاندنەدا ئاماژەى پێنەکراوە، ئەوا زانکۆ و پەیمانگەکان پەیوەندى بە فەرمانگە پەیوەندیدارەکانى ناو دیوانى وەزارەت دەکەن بەمەبەستى رێوشوێنى کردنیان.