وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ترەمپ تاوتوێی ئۆپراسیۆنێکی سەربازی دەکات لەناو خاکی ئێران
محەمەد رزگار
٣٠ی ئازاری ٢٠٢٦
ترەمپ تاوتوێی ئۆپراسیۆنێکی سەربازی دەکات بۆ دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران و رۆژنامەیەکیش ئاشکرایدەکات، پلانەکە بۆ دەستبەسەرداگرتنی 454 کیلۆگرام یۆرانیۆمی ئێرانە.
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە راپۆرتێکی نوێدا ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تاوتوێی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی ئاڵۆز دەکات بۆ دەستبەسەرداگرتن و گواستنەوەی بڕێکی زۆر لە یۆرانیۆمی پیتێنراوی ناو خاکی ئێران.
رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، پلانەکە بریتییە لە دەرهێنانی نزیکەی 1000 پاوەند (454 کیلۆگرام) یۆرانیۆم لەناو دامەزراوەکانی ئێران، وەک هەنگاوێکی سەرەکی بۆ ڕێگریکردن لە گەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی.
لێپرسراوانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن، ئەمە ئەرکێکی "پڕ لە مەترسی و ئاڵۆزە"، چونکە پێویست دەکات هێزەکانی ئەمریکا بۆ ماوەی چەند رۆژێک یان زیاتر لە ناو خاکی ئێراندا بمێننەوە.
"وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئەوەشی خستوەتەڕوو، سەرۆکی ئەمریکا هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر پێدانی فەرمانی دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنەکە نەداوە و نیگەرانە لەو مەترسییانەی کە رووبەڕووی سەربازانی ئەمریکا دەبنەوە، بەڵام بە گشتی پێشوازی لە بیرۆکەکە دەکات بۆ پەکخستنی پڕۆژە ئەتۆمییەکەی ئێران.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران گەیشتوونەتە ئاستێکی نوێ و کۆشکی سپی جەخت لەسەر بژاردەی سەربازی دەکاتەوە بۆ ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێکی ئێران بۆ بەرهەمهێنانی چەکی کۆکوژ.


