ریكخراوی سی پی تی ئەمریکی لە نوێترین راپۆرتیدا رایدەگەیەنێت، بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرانبەر بە ئێران، کە زیاتر لە مانگێکی تێپەراندوە، بەهۆی هێرشەکانەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان 14 کەس شەهید بوون و 93 کەسی تریش بریندارن.

سی پی تی  ئاماژەی بەوەشکردوە، لە یەک مانگی جەنگەکەدا، 474 هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان و زۆرینەی هێرشەکان بۆ سەر پارێزگای هەولێر بوون کە ژمارەیان (370) هێرش بووە.

هەروەها 90 جاریش هێرشکراوەتە سەر پارێزگای سلێمانی و بە پلەی دووەم دێت لە هێرشەکاندا.

 

دەقی راپۆرتەکەی رێکخراوی سی پی تی ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان

زیاتر لە یەک مانگ هێرش بۆ سەر هەرێمی کوردستان؛ ١٤ کوژراو و ٩٣ بریندار

 

“نوێترین ڕاپۆرتی تیمی کوردستانی عێراقی CPT، سەبارەت بە هێرشەکانی یەک مانگی ڕابردوو بۆ سەر هەرێمی کوردستان”

 

هەر لەگەڵ دەستپێکی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، سوپای پاسدارانی ئێران و گروپە هاوپەیوەندەکانی لە عێراق دەستیانکرد بە هێرشکردنە سەر، کونسوڵخانە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا، کامپ و بارەگاکانی حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان، بارەگاکانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کێڵگە نەوتییەکان، ستونی هێڵەکانی پەیوەندیکردن، باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون، شوێنە گشتییەکان و چەند دامەزراوەیەکی ناحکومی.

 

تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPT، تەواوی هێرشەکانی سوپای پاسداران و گروپە هاوپەیوەندەکانی لە عێراقدا بۆسەر هەرێمی کوردستانی عێراق و کاریگەرییان لەسەر هاووڵاتییانی مەدەنی تۆمارکردووە و ڕاستاندنی بۆ هێرشەکان کردووە.

 

لە یەک مانگی شەڕەکەدا، (٤٧٤) هێرش بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە کە سوپای پاسدارانی ئێران (١٧٩) هێرش و گروپە هاوپەیوەندەکانی لە عێراق (٢٩٥) هێرشیان ئەنجامداوە و لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەشەوە (١٠٧) کەس بوونەتە قوربانی (١٤) کوژراو و (٩٣) بریندار.

 

زۆرینەی هێرشەکان بۆ سەر پارێزگای هەولێر بوون کە ژمارەیان (٣٧٠) هێرش بووە کە ئەمەش ڕێژەی (٧٨،٠٦٪)ی هێرشەکان پێکدێنێت. (٩٠) هێرش بۆ سەر پارێزگای سلێمانی بووە کە ڕێژەی (١٨.٩٩٪)ی هێرشەکان پێکدێنێت. پارێزگای دهۆکیش بە ڕێژەی (٢.٣٢٪) هێرشی کراوەتە سەر کە (١١) هێرش بووە. پارێزگای هەڵەبجەش کەمترین هێرشی تێدا تۆمارکراوە کە تەنیا (٣) هێرش بووە و بەڕێژەی (٠.٦٣٪) هێرشی کراوەتە سەر.

 

ئەگەرچی سوپای پاسدارانی ئیران و گروپە هاوپەیوەندەکانی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە هێرشەکانیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا و دامەزراوە هەواڵگرییەکان و گروپە شەڕکەرەکان بە ئامانجگیراون بەڵام بەپێی چاودێری تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی، لەپاڵ کۆنسوڵخانە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا و حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان، چەندین شوێنی نیشتەجێبوون و دامەزراوەی مەدەنی و ئەمنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامانجگیراون کە هیچ پەیوەندییەکیان بە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران نەبووە. لە یەک مانگی جەنگەکەدا، کونسوڵخانەی ئەمریکا و بارەگا سەربازییەکانی لە هەرێمی کوردستان (١٨١) جار بە ئامانجگیراون کە ئەمەش ڕێژەی (٣٨.١٩٪)ی هێرشەکان پێکدێنێت. حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان (١٢١) جار هێرشیان کراوەتە سەر کە ئەمەش ڕێژەی (٢٥.٥٣٪)ی هێرشەکان پێکدێنێت. شوێنە مەدەنی نشینەکان و دامەزراوە مەدەنییەکان و بارەگاکانی وەزارەتی پێشمەرگەش کە لایەنی بەشدار نین لەم شەڕە، (١٧٢) هێرشیان کراوەتە سەر کە ئەمەش ڕێژەی (٣٦.٢٩٪)ی هێرشەکان پێکدەهێنێت.

 

بەپێی چاودێری تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPT، زۆرینەی هێرشەکانی سنوری پارێزگای هەولێر و دهۆک، لەلایەن گورپە میلیشیا و هاوپەیوەندەکانی ئێران لە عێراقدا ئەنجامدراون. ئەمە لە کاتێکدا زۆرینەی هێرشەکانی سەر پارێزگای سلێمانی ڕاستەوخۆ لەلایەن سوپای پاسدارانەوە ئەنجامدراون. لە (٤٧٤) هێرش، (٣٥٩) هێرشیان لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ ئەنجامدراون کە ڕێژەی (٧٥.٧٤٪) پێکدەهێنێت. (١٠٤) هێرشی تریان لە ڕێگەی موشەکەوە بووە کە ڕێژەی (٢١.٩٤٪)ی هێرشەکان پێکدەهێنێت. (١٠) هێرشیش لە ڕێگەی تۆپبارانەوە بووە کە ڕێژەی (٢.١١٪) پێکدەهێنێت و یەک ڕووداوی تەقە کردنیش هەبووە، کە ڕێژەی (٠،٢١٪)ی هێرشەکانە. لەو هێرشانەی کە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان (٢٢٨) هێرشیان لە لایەن سیستەمی بەرگری ئاسمانی، یاخود تەقەکردن پوچەڵکراونەتەوە یاخود بەر لە پێکانی ئامانجەکانیان کەوتونەتە خوارەوە کە ئەمەش بە واتای ئەوە دەێت، ڕێژەی (٦٠.٧٦٪)ی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوان و موشەکانەی کە ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون، بەر لە پێکانی ئامانجەکانیان، خراونەتە خوارەوە یاخود خۆیان کەوتوونەتە خوارەوە.

 

لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦ەوە تاوەکو ٢٨ی ئاداری ٢٠٢٦، بەهۆی هێرشەکانەوە (١٠٤) کەس بوونەتە قوربانی (١٤ کوژراو و ٩٠ بریندار). بەڵام لە سەرەتای شەڕەکەوە تاوەکو ئێستا، (١٠٧) کەس بوونەتە قوربانی (١٤ کوژراو و ٩٣) بریندار، کە لەو ژمارەیە (١٩) کەسیان خەڵکی مەدەنی بوون و هەموویان برینداربوون.

 

سەرباری زیانی گیانی، بەهۆی هێرشەکانەوە بەلایەنی کەمەوە زیان بەر (٤٦) خانووی هاووڵاتی مەدەنی کەتووە و (٣٢) ئۆتۆمبێلی خەڵکی مەدەنیش زیانیان بەرکەتووە. مەترسی هێرشەکانیش بووەتە هۆی وەستاندنی خوێندن لە قوتابخانە و خوێندنگا و پەیمانگا و زانکۆکان.

 

تیمی کوردستانی عێراقی CPT، بەنیگەرانی قوڵەوە لە گۆڕانکارییەکانی ئەم جەنگە دەڕوانێت و بە ئامانجگرتنی شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیانی مەدەنی و ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە فەرمی و مەدەنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا بازرگانییەکان بە مەترسی دەزانێت لەسەر فراونتر بوونی شەڕەکە و کاریگەرییەکانی بۆسەر ژیانی هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان.

 

سەرباری سەرکۆنەکردنی هێرشی هەموو لایەنە بەشدارەکانی ئەم شەڕە، تیمی کوردستانی عێراقی CPT داوای کۆتاییهاتنی ئەم جەنگە و هێرشەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان دەکات. پێوستە ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی پارێزراو بێت و خەڵکانی زەرەرمەند بەزووترین کات قەرەبوو بکرێنەوە. لەسەر حکومەتی عێراقیش پێویستە کە لەڕێگەی دیپلۆماسییەوە هەوڵی پاراستنی هەرێمی کوردستان و عێراق بدات و هەموو ئەو گروپ و لایەنانەی کە لە ناوخۆی عێراقەوە هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان بەرپرسیار بکات.

 

تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPT

٢٩ی ئاداری ٢٠٢٦

 

Community Peacemaker Teams - Iraqi Kurdistan