ترەمپ مۆڵەتی 48 سەعاتدا دەداتە ئێران و هەڕەشەی تێکشکاندنی کەرتی وزەی ئەو وڵاتە دەکات.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەڕەشەیەکی توند ئاراستەی تاران دەکات و رایگەیاند، ئەگەر لە ماوەی 48 سەعاتدا گەرووی هورمز بە تەواوی و بەبێ هیچ هەڕەشەیەک بەڕووی هاتوچۆی نێودەوڵەتیدا نەکرێتەوە، ئەوا ئەمریکاژێرخانی وزە و وێستگەکانی کارەبای ئێران خاپوور دەکات.

ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ترووس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "ئەمریکا ئامادەیە گەورەترین وێستگەکانی وزەی ئێران خاپوور بکات ئەگەر ئاستەنگ بۆ ئەو رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە دروست بکرێت."

سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی رەخنەکانی رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"دا جەختی کردەوە کە سوپای وڵاتەکەی توانیویەتی "بە تەواوی هێزی ئێران تێکبشکێنێت" و ئامانجە سەربازییەکانی پێش وادەی دیاریکراو پێکاوە.

ترەمپ دەڵێت: "سەرکردایەتیی ئێران کۆتایی هاتووە، هێزی دەریایی و ئاسمانییان نەماوە و هیچ بەرگرییەکیان بۆ نەماوەتەوە؛ ئێستا ئەوان داوای رێککەوتن دەکەن، بەڵام من نامەوێت!".