وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، ئاگربەست قبوڵ ناكەن، بەڵام دەستپێشخەری لە هەر هەوڵێك دەكەن بۆ كۆتایهێنان بەشەڕ 
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێكەوتنێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە، ئاگربەست قبوڵ ناكەن، لەبەرئەوەی نایانەوێت سیناریۆی ساڵی رابردوو دووبارە بێتەوە، بەڵام پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەك دەكەن بتوانێت بە تەواوی كۆتایی بەو شەڕە بهێنێت.
جەختی لەوەشكردوەتەوە، لە ئێستادا هەندێك وڵات هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێك دەدەن، بەڵام پێناچێت ئەمریكا ئامادەبێت هێرشەكانی رابگرێت، بەڵام دەبێت شەڕ بەتەواوەتی و هەمیشەیی كۆتایی پێبێت، گەرەنتی هەبێت ئەو رەوشەی ئێستا دووبارە نەبێتەوە. هەروەها دەبێت ئەو زیانانەی بەر ئێران كەوتووە قەرەبوو بكرێنەوە.
سەبارەت بە گەرووی هورمزیش رایگەیاندووە، گەروەكە كراوەیە تەنها بۆ ئەوانە داخراوە كە هاوكاری دوژمنانی ئێران دەكەن و هێرش دەكەنە سەریان، بۆ وڵاتانی تر دەتوانن كەشتییەكانیان بە گەروەكەدا تێپەڕببن و ئامادەن رێڕەوی سەلامەتییان بۆ بكەنەوە، ئەگەر پەیوەندییان پێوەبكەن .