شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردییەوە، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کرد و هیوای خواست ئەم ساڵە ببێتە کۆتایی ئەو نەهامەتییانەی بەرۆکی گەلی کوردی گرتووە.
لە پەیامەکەیدا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پەیامی بۆ هەرچوار پارچەی کوردستان ناردوە، هەروەها وتوسێەتی؛ پێمخۆشە پیرۆزبایی لە هەموو ئەو نەتەوانەش بکەم، کە ڕێز لە نەورۆز ئەگرن، یان بە جەژنی دێرینی خۆیانی ئەزانن و لە لایان پیرۆزە.
دەقی پەیامەکەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بەبۆنەى جەژنی نەورۆزەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە کەئەمە دەقەکەیەتی:
هاونیشتمانییانی خۆشەویست
جەژنی دێرینی نەورۆز و دەستپێکی ساڵی نوێی کوردی، لە هەموو کوردێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر پیرۆز بێت. هیوادارم ساڵی نوێی کوردی، ساڵی بەدیهاتنی ئاواتە لەمێژینەکانی نەتەوەکەمان و کۆتایی هاتنی هەموو ئەو نەهامەتییانە بێت، کە بەرۆکی گەلەکەمانی گرتووە.
پێمخۆشە پیرۆزبایی لە هەموو ئەو نەتەوانەش بکەم، کە ڕێز لە نەورۆز ئەگرن، یان بە جەژنی دێرینی خۆیانی ئەزانن و لە لایان پیرۆزە.
بەداخەوە ئەمساڵ ناوچەکە دوچاری شەڕێکی قورس و ماڵوێرانکەر بووە و زیانی گیانی و ماڵی بە ئێمە و زۆربەی وڵاتانی دەوروبەر گەیاندووە. گەلی ئێمە بە بێ ئەوەی بیەوێ، هەر لە سەرەتاوە پریشکی شەڕەکەی بەرکەوتووە و دیسان خەریکە ئەبینەوە بە قوربانیی سەودایەکی نادیاری زلهێزەکان. هیوادارم حیکمەتی سیاسی لە کوردستاندا، یارمەتیدەر بێت تاکو ئاگری ئەم شەڕە لە ئێمەوە نەئاڵێ و کورد بە سەربەرزی لەم ململانێیە دەرچێت.
ساڵی ڕابوردوومان، ساڵێکی سەخت و تووش و ناهەموار بوو. گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕووبەڕووی سەختترین فەرمانی قڕکردن بووەوە. کە بە هۆی بەرخۆدانی قارەمانانە و پشتگیریی بێوێنەی هەر چوار پارچەی کوردستان و کوردانی تاراوگە، تا ڕادەیەک شکست بەو پیلانە چەپەڵە هێنرا.
لێرەوە پڕ بەدڵ پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و بریندارانی ڕۆژئاڤا و خەڵکە قارەمانەکەی ئەکەم و هیوای سەرکەوتن و ساڵێکی خۆشیان بۆ ئەخوازم.
سوپاس بۆ هاونیشتمانیانم لە هەموو گوند و شارێکی باشووری کوردستان، سوپاس کە ئەمجارەش وەکو هەموو جارەکانی تر، کوردانە و ئازایانە بۆ پشتگیریی خوشک و براکانتان لە ڕۆژئاڤا، هاتنە سەر شەقام و دەنگتان هەڵبڕی و وێنەیەکی تری بەرخۆدانتان پیشانی جیهان دا. هەزار جار جەژنی نەورۆز لە ئێوەی خاوەن هەڵوێست، پیرۆز بێت. ئەوە ئێوە بوون، کە واتانکرد ئاگری نەورۆز هەرگیز لە دڵمانا نەکوژێتەوە.
خوشک و برا خۆشەویستەکانم...
هەروەکو چۆن دڵمان لای پارچەکانی تری کوردستانە، بە هەمان شێوە ناتوانین بۆ ساتێکیش دڵمان لای ڕۆژهەڵاتی ئازیزمان نەبێت، کە ئەوە چەندین ساڵە دوچاری بارێکی سەختی ژیان و گوزەران بوونەتەوە و ئێستاش لە سایەی ئەم شەڕە قورسەوە، داهاتوویەکی نادیار لە ڕێگەمانە. گەرچی ئەزانم، کە ئەوانیش وەکو هەموو بەشەکانی تری کوردستان، نوێنەری خۆیان هەیە و لە ئێمە باشتر ئەزانن، کە چ بڕیارێک بۆ بەرژەوەندیی گەلەکەمان لەو پارچەیە بدەن، بەڵام دیسانەوە دڵمان هەر لای خوشک و براکانمانە و وەکو هەمیشە خۆمان بە پشتیوانیان ئەزانین.
بە هیواین ڕەوتی ڕووداوەکان بە شێوەیەک بن، کە کوردانی ڕۆژهەڵات تووشی سەختی و ناهەمواری نەبن و بە سەربەرزی و سەرکەوتوویی بۆ ڕۆڵەکانمان کۆتایی پێ بێت. لە ناخی دڵمەوە پیرۆزبایی نەورۆزی شکۆمەند لە ڕۆڵەکانی پێشەوا شەهیدەکەی کوردان، پێشەوا قازی محەمەدی نەمر ئەکەم. نەورۆزتان پیرۆز بێت...
لەمێژە ئەزانین، کە لە باکووریش، واتە لە دڵە گەرمەکەی کوردستان، نەورۆز بووەتە هێمای بەرخۆدان و دەیان ملیۆن کوردی وڵاتپارێز، بە هیوایەکی زۆرەوە لە دەوری ئاگری نەورۆز کۆئەبنەوە و بە ورەیەکی ئاگرین و پۆڵایینەوە، لە داهاتوویان ئەڕوانن. بە ئاواتم لە سایەی خۆڕاگریی خۆیان و ئەو پرۆسە ئاشتییەی، کە لەو بەشەی کوردستان دەستی پێکردووە، نەورۆز شکۆمەندتر و ساڵی نوێیان، ساڵی گەیشتن بە ئاواتە نەتەوەییەکانیان بێت.
ناکرێ و نابێ لە ڕۆژێکی وەهادا، خەڵکی خۆشەویستی کەرکووکی گڕوکڵپە و خانەقینی دێرین و شنگالی زامدار لەبیر بکەین. نەورۆز لە یەک بە یەکتان پیرۆز بێت و ماڵتان پڕ بێت لە ڕووناکی.
لە کۆتاییدا ئەڵێم: نەورۆز جەژنی ژیانەوە و گەشانەوەیە، ئێمەش بە هیوایەکی گەش و بە دڵێکی پڕ لە ئومێدی ئاشتییەوە، لە داهاتوو ئەڕوانین.
جارێکی تر نەورۆزتان پیرۆز بێت و کوردستان هەر ئاوەدان بێت...
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد