وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، بە درۆنی خۆکوژ، دوو بارەگایان لە سلێمانی هەولێر کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە سێ پێشمەرگەیان بریندار بوون، ئاماژەبەوەش کراوە بە توندی سەرکۆنەی ئەم کردەوە تیرۆریستیانە دەکەن و داوا لە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عیراق دەکەن بە ئەرکی یاسایی خۆی هەستێت و سنورێک بۆ ئەم دەستدرێژییە ناوخۆییانە دابنێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێکدا، وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاندوە، دوو بارەگای یەکەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لە رێگەی درۆنی خۆکوژەوە کراوەتە ئامانج و بە هۆیەوە سێ پێشمەرگەیان بریندار بووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، سەرەڕای ئەم دەستدرێژییە نابەرپرسانەیە پێشتریش چەندین جار بارەگاکانی هێزی پێشمەرگە روبەڕووی بۆردومان بوونەتەوە و  فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عیراق و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانیان لەو پێشێلکارییانە ئاگادار کردووەتەوە.

لە راگەیەنداروەکەدا هاتووە؛  بە توندی سەرکۆنەی ئەم کردەوە تیرۆریستیانە دەکەن و داوا لە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عیراق دەکەن بە ئەرکی یاسایی خۆی هەستێت و سنورێک بۆ ئەم دەستدرێژییە ناوخۆییانە دابنێت .

وەزارەتی پێشمەرگە داواشیکردوە، پێویستە هەنگاوی خێرا بنرێت بۆ رێگریکردن لەو گروپە لەیاسا دەرچووانە بۆ دووبارە نەکردنەوەی ئەم  کردەوانە، کە دەبنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە.