سەرۆکایەتی کۆمار لە ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا پەیامێکی بڵاوکردەوە
ساکۆ
١٦ی ئازاری ٢٠٢٦
سەرۆکایەتی کۆماری عیراق، لە 38ـەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا پەیامێکی بڵاوکردەوە.
دەقی پەیامەکە:
سەرۆکایەتی کۆمار، بەبۆنەی ساڵیادی تاوانەکانی ڕژێمی بەعسی سەدام: قوربانیدانی عێراقییەکان لە نەتەوە و پێکهاتە جۆراوجۆرەکان بۆ ڕووخاندنی کۆماری ترس و ستەم یەکیان گرت
ڕۆژی دووشەممە 16 ی ئاداری 2026 جێگری سەرۆکی دیوان لە سەرۆکایەتی کۆمار بەڕێز عزالدین مەجید بەبۆنەی ساڵیادی تاوانەکانی ڕژێمی پێشوو لە بۆمبارانکردنی شاری هەڵەبجە و شاڵاوەکانی ئەنفال و گۆڕە بەکۆمەڵەکان و سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی جەماوەری و تیرۆرکردنی زانایان و چەوساندنەوەی حیزب و هێزە سیاسییەکان، وتاری سەرۆکایەتی کۆماری پێشکەش کرد.
وتارەکە جەختی لەوە کردەوە کە قوربانیدانی هەڵەبجە بۆتە سیمبولی خۆڕاگری و ئیرادە و پابەندبوون بەژیان و ئازادی و گەلەکەمان لەکوردستان قوربانی گەورە و خەباتی درێژخایەنیان لەپێناو ئازادی و کەرامەت و بەدەستهێنانی مافە دەستوورییە ڕەواکانیان داوە و لەگەڵ براکانیان لەسەرتاسەری عێراقدا بەشدارییان کردووە لەقوربانیدانی هاوبەش لەبەرامبەر دیکتاتۆری و ستەمدا
لە وتارەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە سەرۆکایەتی کۆمار دەستپێشخەری کردووە بۆ پێشکەشکردنی پڕۆژەی بەپارێزگابونی هەڵەبجە وەک پارێزگای نۆزدەیەم، کە فەرمانی کۆماریی ژمارە (19) ی ساڵی 2025 بۆ پێکهێنانی پارێزگایەکی سەربەخۆ وەک سوپاسگوزاری و یادکردنەوەی قوربانییەکانی شارەکە دەرکراوە.
هەروەها لە وتارەکەدا باسی ڕۆڵی گەلەکەمان لە ڕاپەڕینی جەماوەری پیرۆز و ئەو خوێنە پاکەی کرد کە لە پێناو ئازادی و ڕزگاری لە دەستی ڕژێمی ستەمکار بەخشیویانە.
ئەمەی خوارەوە دەقی وتارەکەی سەرۆکایەتی کۆمارە :
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
کۆمەڵانی خەڵکی ئازیزی وڵاتەکەمان
کەسەوکاری سەربەرزی هەڵەبجەی شەهید و خۆڕاگر
سڵاوی خواتان لێبێت
ئەمڕۆ بەوپەڕی ڕێز و شکۆوە لەبەردەم یادی سی و هەشت ساڵەی کارەساتی هەڵەبجەی شەهیددا دەوەستین؛ ئەو تاوانە قێزەونەی کە وەک پەڵەیەکی شەرمەزاری بە نێوچەوانی مرۆڤایەتییەوە دەمێنێتەوە، کاتێک چەکی کیمیایی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی دژی هاوڵاتیانی بێتاوان بەکارهێنرا و بووە هۆی شەهیدبوونی زیاتر لە پێنج هەزار منداڵ و ژن و پیر و گەنج، لە یەکێک لە دڕندانەترین تاوانەکانی کۆمەڵکوژی (جینۆساید) و تاوان دژی مرۆڤایەتی کە ڕژێمی دیکتاتۆریی لەناوچوو ئەنجامی دا.
تاوانی هەڵەبجە تەنها تاوان نەبوو دەرهەق بە مرۆڤ، بەڵکو تاوانێکیش بوو بەرامبەر بە ژیان و سروشت و ژینگە، کە تا ئێستاش ئاسەوارە بەژانەکانی لە تەندروستی مرۆڤ و لەو ژینگەیەی کە بۆ چەندین دەیەیە بەهۆی بەکارهێنانی ئەو چەکە قەدەغەکراوانەوە زیانی بەرکەوتووە، ماونەتەوە.
هەڵەبجە، بەو قوربانییە مەزنانەی کە پێشکەشی کردن، بووە سیمبولی خۆڕاگری و ئیرادە و دەستگرتن بە ژیان و ئازادییەوە.
گەلەکەمان لە کوردستان قوربانیی گەورە و خەباتی درێژخایەنی لەپێناو ئازادی و کەرامەت و بەدەستهێنانی مافە دەستوورییە ڕەواکانی ئەنجامدا، و لەگەڵ براکانیان لە سەرتاسەری عێراقدا لە خەباتێکی هاوبەشدا بوون بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیکتاتۆری و ستەمکاری.
وەک وەفایەک بۆ ئەو قوربانییانەی هەڵەبجەی بریندار و خەڵکە بەخشندەکەی پێشکەشیان کردووە، و بۆ نەمریی یادی ئەو کارەساتەی کە دڕندانەترین تاوانی سەدەی بیستەمی تۆمارکرد، سەرۆکایەتی کۆمار دەسپێشخەری کرد بۆ پێشکەشکردنی پڕۆژەی گۆڕینی قەزای هەڵەبجە بۆ نۆزدەهەمین پارێزگای عێراق، و مەرسوومی کۆماری ژمارە (١٩)ی ساڵی ٢٠٢٥ دەرچوو بۆ هێنانەکایەی وەک پارێزگایەکی سەربەخۆ.
هەروەها ڕۆڵەکانی گەلەکەمان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبوو لە ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی ئادار (شەعبانییە)، کە تێیدا خوێنی گەشیان لەپێناو ئازادی و ڕزگاربوون لە ڕژێمی ستەمکار بەخشی، تاوەکو قوربانییەکانی هەموو عێراقییەکان لە پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکان یەکبگرن بۆ ڕووخاندنی کۆماری ترس و ستەمکاری، و کردنەوەی ڕێگا بەرامبەر بونیادنانی عێراقێکی نوێ کە لەسەر بنەمای سیستەمی دیموکراسیی پەرلەمانیی فیدراڵی بێت، کە ماف و ئازادییەکان گەرەنتی بکات و کەرامەتی مرۆڤ بپارێزێت.
لەو یادە خەمناکەدا، جەخت دەکەینەوە لەسەر پێویستیی وەفاداری بۆ قوربانییەکانی شەهیدانی هەڵەبجە و سەرجەم شەهیدانی عێراق، ئەویش لە ڕێگەی بەردەوامبوونی کارکردنی ڕژد بۆ ئاوەدانکردنەوەی پارێزگای هەڵەبجە و قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانە گەورانەی کە بەهۆی تاوانە کیمیاییەکەوە لێی کەوتووە، و داوا لە حکومەتی فیدراڵی و ئەنجومەنی نوێنەران دەکەین بودجەی پێویست بۆ ئەو مەبەستە تەرخان بکەن، بە شێوەیەک کە شایستەی قوربانییەکانی ڕۆڵەکانی بێت و ڕەنگدانەوەی پابەندیی دەوڵەت بێت بەرامبەر بەم شارە کارەساتبارە.
خانمان و بەڕێزان
یادکردنەوەی ئەم کارەساتە دڵتەزێنە هانمان دەدات بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزی نیشتمانیمان و چەسپاندنی بەهاکانی پێکەوەژیان و برایەتی لەنێوان پێکهاتەکانی گەلی عێراقدا.
عێراق نیشتمانی هەمووانە؛ عەرەب، کورد، تورکمان، ئاشووری و سەرجەم پێکهاتەکانی تر، لە موسڵمان و مەسیحی و ئێزیدی و سابئە، کە چارەنووسێکی یەکگرتوو و تەحەددیاتی هاوبەش و بەرپرسیارێتییەکی هاوبەش لە بونیادنانی دەوڵەتێکی دادپەروەر و بەهێزدا کۆیان دەکاتەوە.
یەکڕیزی نیشتمانیمان و پتەویی سیستەمە دەستوورییە دیموکراسییە فیدراڵییەکەمان، گەرەنتی بنەڕەتین بۆ سەقامگیریی عێراق و پێشکەوتنی.
لەژێر ڕۆشنایی ئەو بارودۆخە هەستیارەی ناوچەکەمان پێیدا تێپەڕ دەبێت، عێراق جەخت لە هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دەکاتەوە بۆ دوورخستنەوەی گەلانی ناوچەکە لە نەهامەتییەکانی جەنگ و ململانێ، و کارکردن بۆ پەیڕەوکردنی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن وەک ڕێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.
گەلەکەمان بەهۆی جەنگەکانەوە باجێکی زۆری داوە، و بە باشی درک بەوە دەکات کە ئاشتی و سەقامگیری ڕێگەی ڕاستەقینەن بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی ئارام و گەشەسەندوو بۆ گەلانی ناوچەکە.
بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێویستییەکی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییە، و دەبێت هەموو هەوڵەکان یەکبخرێن بۆ چەسپاندنی بنەماکانی گفتوگۆ و هاوکاری و ڕێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان و بەرژەوەندیی گەلەکانیان.
لە کۆتاییدا، بە شکۆوە یادی شەهیدانی هەڵەبجە و تەواوی شەهیدانی عێراق دەکەینەوە، و پەیمان نوێ دەکەینەوە کە قوربانییەکانیان وەک مەشخەڵێک بمێنێتەوە کە لە کاروانماندا بەرەو بونیادنانی دەوڵەتی یاسا و دادپەروەری و کەرامەتی مرۆڤ، ڕێگامان بۆ ڕووناک بکاتەوە.
لە خوای گەورە داواکارین شەهیدە نەمرەکانمان بە بەزەیی و ڕەحمەتی خۆی شاد بکات، و عێراق و گەلەکەی بپارێزێت، و نیعمەتی ئاسایش و سەقامگیریمان بەسەردا ببارێنێت.
سەربەرزی و نەمری بۆ شەهیدانی هەڵەبجە،
سەربەرزی و نەمری بۆ سەرجەم شەهیدانی عێراق.
والسلام علیکم ورحمة الله وبركاته


