مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، دوایین پەرەسەندنە سەربازییەکان و هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ سەر وڵاتەکەی تاوتوێ کرد.

پزیشکیان ئاماژەی بە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر هەردوو دوورگەی "خارک" و "ئەبومووسا" کرد و رایگەیاند، ئەم هێرشانە بە بەکارهێنانی خاکی هەندێک لە وڵاتانی کەنداو ئەنجامدراون، ئەمەش بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەمای دراوسێیەتی باش دەزانێت.

سەرۆک کۆماری ئێران جەختی کردەوە، وڵاتەکەی بەدوای شەڕدا ناگەڕێت، بەڵام "هیچ گومانێکمان نییە لە بەرگرییەکی توند و رەوا لەسەر خاک و ئاسایشی نیشتمانیی خۆمان."

پزیشکیان رەخنەی لە هەڵوێستی هەندێک وڵاتی ئەورووپی گرت لە پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل و ئەمریکا و داوای لێکردن پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان بن.