وەزارەتی نەوتی عیراق: هەرێمی كوردستان رەتیدەكاتەوە نەوت لە رێگەی بۆرییەکانیـەوە هـەناردە بکرێت
بڵند
١٥ی ئازاری ٢٠٢٦
وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند بۆ هەناردەکردنی نەوت لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان قسەیان کردوە، تا لە رێگەی بۆرییەکانی هەرێمەوە نەوت هەناردە بکەن، بەڵام وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رەتیکردەوە لەم کاتەدا هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە و چەندین مەرجی داناوە کە پەیوەندییان بە پرسی هەناردەکردنی نەوتی خاوەوە نییە.
ئەمڕۆ یەکشەممە وەزارەتی نەوت عیراق لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت، راگەیەندراویکی بڵاوکردەوە و تییدا هاتووە، لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم و ئامادەییان دەربڕیوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن بە بڕی لە 300 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، لە رێگەی بۆری نوتی هەرێمەوە بۆ بەندەری جەیهان.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە،کە بەهۆی رەوشی هەستیاری ناوچەکە و وەستانی هەناردەی باشوور لە رێگەی گەروی هورمزەوە، داوایان لە هەرێم کردووە رۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوتی کێڵگەکانی ناوەڕاست و باکوور، لەگەڵ 200 هەزار بەرمیل نەوتی کێڵگەکانی هەرێم هەناردە بکرێت، بەڵام هەرێم رەتیکردوتەوە.
وەزارەتی نەوتی عیراق دەشڵێت؛ حکومەتی هەرێم چەند مەرجێکی داناوە، کە پەیوەندییان بە پرۆسەی هەناردەکردنەوە نییە و داوا دەکات لەپێناو بەرژەوەندی نیشتمانی و بۆ قەرەبوکردنەوەی زیانە داراییەکان، هەناردەکردن دەستبەجێ دەستپێبکاتەوە و مەرجەکان بۆ کاتێکی تر جێبهێڵدرێن.


