زێلێنسکی: روسیا درۆنی خۆکوژ بۆ ئێران دابین دەکات
بڵند
١٥ی ئازاری ٢٠٢٦
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێنـی ئەمریکی رایگەیاند، کە روسیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری "جیران کە کۆپیکراوی شاهیدی ئێرانە" بۆ تاران دابین دەکات بە مەبەستی بەکارهێنانیان لە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا.
زێلێنسکی جەختی لەوە کردەوە، کە بەکارهێنانی ئەم درۆنانە، کە ئێستا لە ناوخۆی روسیا بەرهەم دەهێندرێن، دژی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا راستییەکی حاشاهەڵنەگرە و%100 پشتڕاستکراوەتەوە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، کە گرژییەکانی ناوچەکە گەیشتوونەتە لوتکە، بەتایبەت دوای ئەوەی لە 28ی شوباتدا ئەمریکا و ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی فراوانیان دژی تاران دەستپێکرد بە پاساوی هەڕەشەی ئەتۆمی، کە تێیدا چەندین سەرکردەی باڵای ئێران کرانە ئامانج.
لە بەرانبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران وەک وەڵامدانەوەیەک پرۆسەیەکی بەرفراوانی بە موشەک و درۆن بۆ سەر ئامانجە ئیسرائیلییەکان و بنکە ئەمریکییەکان لە وڵاتانی دراوسێ دەستپێکردووە، ئەمەش مەترسییەکانی تەشەنەسەندنی جەنگێکی گشتگیر لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە.


