لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێس، دۆناڵد ترەمپ جەختی لە بەردەوامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کردەوە و رایگەیاند، کە هێزەکانیان لە ئێران کارێکی "سەرسوڕهێنەر"یان ئەنجامداوە.

ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، کە لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا، تواناکانی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانیان تێکشکاندووە و هێزی دەریایی ئەو وڵاتەشیان نوقم کردووە، بە جۆرێک کە دەڵێت؛ ئیتر هیچیان بۆ نەماوەتەوە.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ترەمپ باسی لە هەژموونی ئێران لە ناوچەکە کرد و ئاماژەی بەوە دا، کە عەلی لاریجانی، بەرپرسی باڵای ئێران، پلانی هەبووە بۆ زاڵبوون بەسەر تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام بەهۆی گوشار و سیاسەتەکانی ئەوەوە، لاریجانی ناچار بە تەسلیمبوون بووە لە بەرانبەر ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکەدا.

ترەمپ دەشڵێت؛ گەشبینە بە سەرکەوتنێکی خێرا لە ئێران، کە هاوشێوەی پێشتر نەبینرابێت.

سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتانی هاوپەیمانیش، ئەو رایگەیاند، کە بۆ ئەوان گرنگ نییە هاوپەیمانەکان چی دەکەن و دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان بڕیار بدەن، چونکە بە وتەی ئەو  وڵاتە دڵسۆزەکان، لەم جەنگەدا لەگەڵ ئەمریکادان.