جەنگی ئەمریکا – ئیسرائیل و ئێران پێدەنێتە حەوتەمین رۆژ
محەمەد رزگار
٦ی ئازاری ٢٠٢٦
لە حەوتەمین رۆژی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا، رەوشەکە بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر هەنگاو دەنێت و دەنگی تەقینەوە گەورەکان پایتەختی ئێرانی هەژاندووە.
لە حەوتەمین رۆژی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا - ئیسرائیلدا، ئاستی گرژییەکان رووی لە هەڵکشانی زیاتر کردووە، سوپای ئیسرائیل ١٤ـەیەمین شەپۆلی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر تاران ئەنجامدا و رایگەیاند، ژێرخانە ستراتیژییەکانی ئەو وڵاتە کراونەتە ئامانج، هاوکات دەنگی تەقینەوەی گەورە لە پایتەختی ئێران بیستراوە.
لە بەرانبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، بە دەیان موشەک و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر تەلئەبیب و بنکەی ئاسمانی "رامات دەیڤد"،وتەبێژی سوپای پاسداران جەختی کردەوە، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ "شەڕێکی درێژخایەن" و هێشتا چەکە نوێ و داهێنراوەکانیان بەکارنەهێناوە.
لە پێشهاتێکی تردا، سوپای پاسداران رایگەیاند، لە رێگەی درۆنەوە بنکەیەکی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکایان لە هەولێر کردووەتە ئامانج.
لەلای خۆشیەوە، پێت هێگسێس وەزیری جەنگی ئەمریکا ئاشکرایکرد، واشنتۆن ئامانجە سەربازییەکانی لەناو خاکی ئێراندا فراوانتر ناکات، بەڵام جەختی کردەوە کە خشتەی کاتیی جەنگەکە تەنها لەژێر کۆنترۆڵی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادایە.
ئاماژەی بەوە کرد، ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەیان کە بە ناوی ' داستانی توڕەیی' ناسراوە، ئامانج لێی تێکشکاندنی توانای موشەکیی ئێران و کارگەکانی بەرهەمهێنانی چەک و هێزی دەریایی ئەو وڵاتەیە، هاوکات رێگریکردنە لەوەی تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاویانکردەوەتەوە، لە ناوخۆی ئێرانیش، رەوشەکە بەرەو قۆناغێکی هەستیار هەنگاو دەنێت؛ میدیاکانی ئەو وڵاتە بڵاویانکردەوە کە ئەنجومەنی سەرکردایەتی کاتی بە سەرۆکایەتی مەسعود پزیشکیان کۆبووەتەوە. ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەکە ئامادەکارییە بۆ کۆبوونەوەی "ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری" بە مەبەستی دیاریکردنی رێبەرێکی نوێ بۆ ئێران ئەوەش دوای ئەوەی دەسەڵاتی فراوان بە ئەنجومەنی سەرکردایەتی دراوە بۆ بەڕێوەبردنی جەنگ و دەستبەکاربوونی فەرماندە سەربازییەکان.
لەگەڵ بەردەوامیی ئەم پێکدادانە سەربازییە توندانە و ئەگەری بەکارهێنانی چەکی نوێتر، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە، رەوشی ناوخۆیی ئێران و گۆڕانکاری لە لوتکەی دەسەڵاتدا، لەگەڵ دەستێوەردانە دەرەکییەکان، ئاماژەن بۆ ئەوەی کە سەعاتەکانی داهاتوو رەنگە نەخشەی سیاسی و سەربازیی ناوچەکە بە تەواوی بگۆڕن و ئاراستەیەکی تر بدەنە ململانێکان.



