زیلینسکی: بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چەکی ئەتۆمی لە بەریتانیا و فەرەنسا وەردەگرم
محەمەد رزگار
٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦
سەرۆکی ئۆکراین ئامادەیی وڵاتەکەی نیشان دەدات بۆ وەرگرتنی چەکی ئەتۆمی لە هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی، روسیاش هۆشداریی توند دەدات و دەڵێت: "ئەم هەنگاوە جیهان بەرەو کارەسات دەبات."
ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی "سکای نیوز" رایگەیاند؛ ئەگەر پاریس و لەندەن بڕیاری پێدانی چەکی ئەتۆمی بە وڵاتەکەی بدەن، ئەو "بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە" پێشوازی لەو هەنگاوە دەکات. زیلینسکی ئاماژەی بەوەکرد، تا ئێستا هیچ پێشنیازێکی رەسمی لەو شێوەیەی پێنەگەیشتووە، بەڵام بۆ پاراستنی ئۆکراین ئامادەیە ئەو جۆرە چەکانە وەربگرێت.
ئەم لێدوانانەی زیلینسکی دوای ئەوە دێت کە دەزگای هەواڵگریی دەرەوەی روسیا ئاشکرای کرد؛ هەریەک لە فەرەنسا و بەریتانیا تاوتوێی بژاردەی پڕچەککردنی ئۆکراین بە چەکی ئەتۆمی یان "بۆمبی پیس" دەکەن، ئەوەش دوای تێکچوونی رەوشی بەرەکانی جەنگ و نەمانی هیوا بۆ سەرکەوتنی سەربازیی کیێڤ.
لەلایەکی دیکەوە، ئەنجومەنی فیدراڵیی روسیا ئەم هەوڵانەی بە "پیلانگێڕییەکی نایاسایی" وەسف کرد کە دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی کارەساتێکی گەورە لە جیهاندا. ڤالێنتینا ماتڤینکۆ، سەرۆکی ئەنجومەنەکە رایگەیاند؛ ئەم پلانانە ئاسایشی کیشوەری ئەوروپا تێکدەدەن و داوای لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە نێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسی وزەی ئەتۆمی کرد.
هاوکات، دیمیتری مێدڤێدێڤ ، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی وڵاتانی رۆژئاوا کرد و ئاشکرایکرد؛ ئەگەر تەکنەلۆژیای ئەتۆمی بگاتە دەستی کیێڤ، مۆسکۆ ناچار دەبێت چەکی ئەتۆمی لە دژیان بەکاربهێنێت، لێپرسراوانی روسیا جەخت دەکەنەوە کە هەر هەنگاوێکی لەو شێوەیە وەک "هێرشێکی راستەوخۆی هاوبەش" بۆ سەر خاکی روسیا هەژمار دەکرێت.



