لە هەنگاوێکی نوێدا، سەرۆکی کۆریای باکور وەک پاداشتێک بۆ دڵسۆزییان، نوێترین جۆری چەکی نیشانەشکێن دەبەخشێتە فەرماندە و لێپرسراوانی باڵای وڵاتەکەی و کچەکەشی لە مەیدانی تەقەکردن دەردەکەوێت.

دوای کۆتاییهاتنی کۆنگرەی پارتی کرێکارانی دەسەڵاتدار، کیم جۆنگ ئون، رێبەری کۆریای باکور، کۆمەڵێک تفەنگی نیشانەشکێنی (قەناس) ـی نوێی پێشکەش بە ژمارەیەک لە لێپرسراوانی باڵای حکومی و سەربازیی وڵاتەکەی کرد.

ئاژانسی هەواڵی رەسمی کۆریای باکور بڵاویکردەوە؛ کیم جۆنگ ئون ئەم دیارییانەی وەک هێمایەک بۆ "متمانەی رەها" و پێزانین بۆ ماندووبوونی ئەو لێپرسراوانە لە پێنج ساڵی رابردوودا بەخشیویانە، هاوکات، میدیا رەسمییەکانی ئەو وڵاتە وێنەی کچە هەرزەکارەکەی کیم جۆنگ ئون بڵاوکردەوە کە چاکەتێکی چەرمیی هاوشێوەی باوکی پۆشیوە و لە مەیدانی راهێناندا سەرقاڵی تەقەکردنە، ئەمەش جارێکی تر دەنگۆکانی سەبارەت بە ئامادەکردنی ئەو کچە وەک سەرۆکی داهاتووی وڵات گەرم کردووەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، کۆنگرەی پارتەکە گۆڕانکاریی نوێی لە پۆستە باڵاکاندا بەخۆوە بینی؛ کیم یۆ جۆنگ، خوشکە دەستڕۆیشتووەکەی کیم، پلەکەی بەرزکرایەوە بۆ بەڕێوەبەری کاروباری گشتی لە لیژنەی ناوەندی، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ فراوانبوونی دەسەڵاتەکانی لە سەرپەرشتیکردنی کاروبارە ناوخۆیی و کارگێڕییەکاندا.

دیمەنە بڵاوکراوەکان ئەوەش نیشان دەدەن کە خوشکی کیم و لێپرسراوە باڵاکان بەو چەکە نوێیانەی پێیان دراوە، مەشقی نیشانەشکێنییان ئەنجامداوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە کۆریای باکور بەردەوامە لە نمایشکردنی هێز و بەهێزکردنی ریزەکانی ناوخۆی پارتە دەسەڵاتدارەکەی.