وەفدی دانوستانکاری ئێران بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەمریکا بەرەو جنێڤ بەڕێکەوت
راهۆز
٢٥ی شوباتی ٢٠٢٦
میدیا رەسمییەکانی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویانکردەوە، وەفدی دانوستانکاری وڵاتەکەیان بە سەرۆکایەتیی عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوە، تاران-ی بەرەو جنێڤ بەجێهێشتووە، ئەوەش بەمەبەستی بەشداریکردن لە گەڕی سێهەمی دانوستانە ئەتۆمییەکان.
پێش بەڕێکەوتنی بۆ جنێڤ، عەباس عیراقچی رایگەیاند، ئێران گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەمریکا لەسەر بنەمای ئەو لێکتێگەیشتنانە دەستپێدەکاتەوە کە لە گەڕی پێشوودا کراون، جەختیشیکردەوە بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە هەوڵدەدەن لە کورتترین کاتدا بگەنە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە.
لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی فارس لە زاری مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێرانەوە بڵاویکردەوە، ئاسۆی لێکتێگەیشتن لە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانیان لەگەڵ ئەمریکا روونە و هەوڵیانداوە بە رێنماییەکانی رێبەری باڵای ئێران دۆخەکە بە جۆرێک بەڕێوەببەن کە سێبەری شەڕ لە وڵاتەکەیان دووربخەنەوە.
هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان، ئەمریکا هێزێکی دەریایی گەورەی لە نزیک کەناراوەکانی ئێران جێگیرکردووە بۆ هەر ئەگەرێکی وەشاندنی گورزی سەربازی.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە 19ی ئەم مانگەدا رایگەیاندبوو، مۆڵەتی 10 بۆ 15 رۆژ دەداتە تاران تا بگەنە رێککەوتن، هەرچەندە جەختیکردبووەوە کە چارەسەری دیپلۆماسی بەلاوە پەسەندە، بەڵام ئێرانی بە بەردەوامیدان بە خواستە ئەتۆمییە "شەیتانییەکانی" تۆمەتبار کرد.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاش ئاشکرایکردووە، رۆژی پێنجشەممە گفتوگۆکان لە جنێڤ بە بەشداریی ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر، نێردراوانی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.
لە بەرامبەردا، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاندووە، تەواوی ئەو بانگەشانەی لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی، موشەکی بالیستی و ژمارەی قوربانییەکانی ئاڵۆزییەکانی مانگی رابردوو دەکرێن، تەنیا دووبارەکردنەوەی درۆی گەورەن



