سلێمانی؛ ئاماده‌كاری بۆ مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆز ده‌كرێت
محەمەد رزگار
١٦ی شوباتی ٢٠٢٦
قائیمقامی سلێمانی به‌وه‌كاله‌ت و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان كۆبونه‌وه و گفتوگۆیان له‌باره‌ی ئاماده‌كارییه‌كانی پێشوازیكردن له مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆز كرد.
ئه‌مڕۆ به‌سه‌رپه‌رشتی قائیمقامی سلێمانی به‌وه‌كاله‌ت و ئاماده‌بونی به‌ڕێوبه‌ر و نوێنه‌ری فه‌رمانگه په‌یوه‌ندیداره‌كان له دیوانی قائیمقامییه‌ت كۆبونه‌وه، له كۆبونه‌وه‌كه‌دا باس له ئه‌و هه‌نگاوانه كرا كه له مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆزدا ده‌گیرێته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی باشتر چاودێری بازاڕ و شوێنه گشتییه‌كان بكه‌ن.
دواتر؛ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، فازڵ عومەر، قائیمقامی سلێمانی بە وەکالەت، رایگه‌یاند: له مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆزدا چێشتخانە و رێستۆرانتەکان کراوەدەبن، بەڵام ده‌بێت سەرجەمیان رێز لەو مانگە بگرن.
وتیشی، له‌پێناو پاراستنی ته‌ندروستی هاووڵاتیان و ساغنه‌كردنه‌وه‌ی كاڵاوشمه‌ك و خوارنی خراپ لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی، به‌پێی خشته‌ی كاركردنیان له‌مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆزدا، سه‌ردان و به‌دواداچونه‌كانیان زیاتر ده‌بێت و سه‌رجه‌م دوكان و بازاڕ و شوێنانه‌كان به‌سه‌رده‌كرێنه‌وه.
ئەوەشی خستەڕوو، كه هه‌ر بازرگان و ماركێت و خواردنگه‌یه‌ك سه‌رپێچی بكات و پابه‌ندی مه‌رج و رێنماییه‌كانی كاركردن نه‌بێت رووبه‌ڕووی رێكاری یاسایی ده‌كرێته‌وه.
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، هێزه ئه‌منییه‌كان كه‌شێكی ئارام بۆ شوێنه گشتییه‌كان و هاووڵاتیان و هه‌مو ئه‌و شوێنانه‌ی خواپه‌رستی تێدا ئه‌نجام ده‌درێت، ده‌ڕه‌خسێنن بۆ ئه‌وه‌ی مسوڵمانان ئه‌ركه ئاینییه‌كانی خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن.



