ئیسماعیل حەمەئەمین, نووسەر و رۆماننووسی دیاری کورد لە یادی 26هەمین ساڵیادی دامەزراندنی کوردساتدا، ستایشی رۆڵی دەزگاکە دەکات لە پاراستنی زمانێکی میدیایی سەنگین و دەڵێت، "زۆر بەختەوەرم کە کوردسات هەمیشە بەو ئارامییەوە زمانی میدیایی دانەبەزاندۆتە ئاستی شەڕە کۆمێنتی نزم".

ئەو نووسەرە ئاماژە بەوە دەکات، بێژەرانی کوردسات بەپێچەوانەی ئەو باوەی ئەمڕۆ هەیە، بە زمانی "بازاڕ" بەرنامەکانیان پێشکەش ناکەن و خۆیان لەم شێوازە دوورگرتووە، کە بەداخەوە ئەمڕۆ زمانی بێژەر لە ئاستی بازاڕدایە.

ئیسماعیل حەمەئەمین پێیوایە کاری میدیا لە هەمان کاتدا ئەرکێکی پەروەردەییە و دەڵێت: "پێشکەشکردنی زمانێکی هێمنە بۆ خەڵکی سادە تا شێوازی قسەکردن و دەستەواژەکانیان بگۆڕن، بۆ ئەوەی فێری گفتوگۆ و داڕشتنی رستەکانیان ببن، ئاخر زمان ماڵی بوونە".

لە کۆتاییدا هیوای خواستووە کوردسات هەر بەو شێوازە بمێنێتەوە و دەڵێت: "هەر وا بمێننەوە، هەر شادبن".