زیلینسکی: ئەگەر روسیا رازی بێت بە ئاگربەستـی 60 رۆژە ریفراندۆم ئەنجامدەدەین
بڵند
٢٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاندوە، هیواخوازە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ بگەنە رێککەوتن بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی نێوان وڵاتەکەی و روسیا، ئاماژەی بەوەشکردوە، روسیا پلانەکەی ترەمپ قبوڵ ناکات، ئەگەر نا ئەوان ئامادەن ریفراندۆم ئەنجامبدەن بە مەرجێک شەڕ بوەستێندرێت.
ئەمڕۆ هەینی ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، بە پێگەی ئاکسیۆسی راگەیاندوە، ئەو ئامادەیە پلانێک بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بخاتەڕوو و بەو مەرجەی روسیا رازی بێت بە ئاگربەستێک، کە لانیکەم 60 رۆژ کەمتر نەبێت.
سەرۆکی ئۆکراین ئەوەشیخستوەتەڕوو، بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی هەواڵگری ئەوان هەیانە، روسیا ئامادەنییە لە هەنگاوی یەکەمدا پلانەکەی سەرۆکی ئەمریکا قبوڵ بکات و هەر رفراندۆمێکیش تا شەڕ بەردەوامی هەبێت قبوڵکراو نییە و ناشەرعییە.
ئەمە لە کاتێکدایە، پێشتر سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاندبوو، لەسەر پلانەکەی سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی خاکی ئۆکراینەوە نەگەشتونەتە رێککەوتن و هیواشی خواست ئەو مەرجانە باشتر بکات، کە لەپلانەکەدا هەیە و لە ئەگەری بەدەستنەهێنانی پێویستیان بە رەزامەندی خەڵکی ئۆکراینە بۆ قبوڵکردنی ئەو خاڵانەی باس لە رادەستکردنی بەشێک لە خاکەکەیان دەکەن بۆ روسیا.
ئەم قسانەی سەرۆکی ئۆکراین لە کاتێکدایە بڕیار وایە رۆژی یەکشەممە، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە و پرسی پلانەکەی ترەمپ و وەڵامی روسیا تاوتوێ بکەن بە مەبەستی هەوڵەکان بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی روسیا و ئۆکراین.



